لەبەر ئەوەبوو بارزانی خۆی راستەوخۆ سەرکردایەتی بەرەکانی شەڕی دەکرد .

نیازحاجی
دوای ئەوەی داعش چەند ناوچەیەکی کوردستانی داگیرکرد ، پلانی ئازادکردنەوی ئەو ناوچانە لەلایەن خودی سەرۆک بارزانیەوە دادەرێژرا ، هەر خۆشی راستەوخۆ و لە نزیکەوە سەرپەرشتی تەواوی بەرەکانی شەڕ و جێبەجێکردنی پلانەکانی دەکرد ، بینیمان بەزیانێکی کەم سەرکەوتنەکان یەک لەدوای یەک تۆماردەکران و ئەو ناوچانەی کە ئازادیش دەکران زیانی زۆریان بەر نەدەکەوت و گیانی هاوڵاتیان دەپارێزران.
یەک دوو جار بەهۆی گەورەیی سەرکەوتنەکانەوە ، چەند حاڵەتێکی پێشێلکردنی رێنماییەکانی سەرۆک بارزانی لەلایەن چەند سەرکردەیەکی سەربازیەوە رویاندا ، بینیمان هێزەکانی پێشمەرگە قوربانیەکی زۆریاندا لەسەر پێشێلکردنی ئەو رێنماییانە.
ئەوەی ئێستا لە موصڵ روودەدات ، شکستی سەربازی سەرکردەکانی سوپای عێراق و پلانەکانیان دەسەلمێنێت ، ئەوان لە پەنای شەری تیرۆردا تاوانی کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن .
بارزانی لەکاتی دانانی پلانەکانی شەڕ ، بۆ ئەوەی گیانی پێشمەرگە پارێزراو بێ و زیانەکان کەمتر بن ، رێگای هەڵهاتنی بۆ چەکدارانی داعش دەهێشتەوە ، چەکدارانی داعشی نەدەخەستە بەردەم ئەو هەڵبژاردەیەی کە تامردن شەربکەن ، بارزانی دەیزانی کە ئەو چەکدارانەی داعش کە راشدەکەن و بەرەکانی شەر جێدەهێڵن، دواتر بە تۆمەتی خیانەت لەلایەن سەرکردەکانی داعش ، هەر دەکوژرێنەوە .
لەپلانی ئازادکردنەوەی موصلدا (جا لە نەزانینەوە بێ یاخود بە ئەنقەست بێ ) سەرکردە سەربازیەکانی سوپای عێراق هیچ کەڵێنێکی راکردنیان بۆ چەکدارانی داعش نەهێشتەوە ، هەر ئەوەشە بووە بە هۆکاری ئەوەی زۆرترین زیان بەر هێزەکانی سوپای عێراق و خەڵکی سڤیل و ژێرخانی شارەکە بکەوێت .
هەرچەندە پێم وایە پلانی ئازادکردنەوەی موصڵ بە ئانقەست وا دارێژراوە تا زۆرترین زیان بەر هێزەکانی سوپا و خەڵکی سڤیل و ژێرخانی شارەکە بکەوێت .
لە سەرەتا ….
پلانی ئازادکردنەوەی موصڵ بە شێوەیەک دارێژرابوو کە نابێ هێزەکانی حەشدی شەعبی بەشداری تێدا بکەن ، بەڵام هێزەکانی حەشدی شەعبی بەفێڵ و ناراستەوخۆ خۆیان خستە ناو شەرەکانەوە ، پیلانەکەشیان بریتی بوو لەوەی کە راستە بەشداری ناکەن بەڵام جولەیان بە هێزەکانیان کرد بە ئاراستەی رۆژئاوای موصڵ بە بیانوی گرتنەوەی شارۆچکەی تەلەعفەر کە ئەو جوڵەپێکردنە وای کرد موصڵ دەورە بدرێت و دەرفەتی راکردن بۆ چەکدارانی داعش نەمێنێتەوە ، دواتر بینیمان هێزەکانی حەشدی شەعبی هیچ هێرشێکیان بۆ سەر شارۆچکەی تەلەعفەر ئەنجام نەدا تەنها مەبەستیان دەورەدانی موصڵ بوو .
جوڵاندنی هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ بەرەی رۆژئاوای موصڵ بۆ پێکانی چەند ئامانجێک بوو کە لەخوارەوە ئاماژەی پێدەدەین :
1. نەهێشتنەوەی دەرفەتی راکردن بۆ چەکدارانی داعش لەناو موصڵ کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بەرگریەکی سەخت بکەن ، بەمەش گەورەترین زیان بەر شارەکە و خەڵکە سڤیلەکەی دەکەوێت و درێژەش بەشەرەکە دەدرێت .
2. دەربازکردنی ئەو سەرکردە و چەکدارانەی داعش کە خۆیان مەبەستیانە .
3. هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق و فرقەی ئاڵتونی کە لەژێر فەرمانی حەیدەر عەبادی دان زۆرترین زیانیان پێ بکەوێت ، وەک نمونە ((لە سەرەتای دەستپێکردنی شەری ناو موصڵەوە تا ئێستا تەنها لە هێزەکانی دژەتیرۆر نزیکەی ٥٠٠ ئەفسەریان کوژراوە و برینداربووە ، نزیکەی ۸٠٠٠ کارمەندیان بە هەمان شێوە ، زیاتر لە ۸٠٠ ئۆتۆمۆبیلی سەربازی تێکشکاوە ، لە بەرامبەردا توانیویانە نزیکەی ٤٠٠ داعش بکوژن ))، پێشتر توانای هێزەکانی دژەتیرۆر بە شێوەیەک بوو کە لە شەش بەرەوە شەڕی دەکرد ، بەڵام ئێستا تەنها توانای ئەوەیان ماوە لە یەک بەرەدا شەر بکەن ، ئەمە جگە لە زیانەکانی فرقەی ئاڵتونی و پۆلیسی ئیتیحادی ، واتا هێزە نوخبەکانی عێراق ، قوربانی و زیانەکانیان لە (نیوە) زۆر زیاتر تێپەڕی کردوە ئەمەش بە کەم بونەوەی پاڵپشتی و لاوازبونی پێگەی حەیدەر عەبادی تەواو دەبێت ، ئەو زیانە زۆرەی سوپا لە بەرژەوەندی هێزەکانی حەشدی شەعبی دایە ، ئێستا سوپای عێراق ناچار بووە داوای هاوکاری لە حەشدی شەعبی بکات بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە هەر بۆیە نزیکەی ٤٠ فەوجی حەشدی شەعبی ئێستا چونەتە ناو شاری موصڵ و ئەو کارانەی مەبەستیانە لە ئاوارەکردن و وێرانکردن و پاکتاوکردن ئەنجامی دەدەن .
شەری ئازادکردنی موصڵ بە گەورەترین شکستی سەربازی سوپای عێراق دادەنرێت ، سەرکەوتنی گەورەش بوو بۆ پیلانەکانی حەشدی شەعبی چونکە ئەوان پێشتر رایانگەیاندبوو کە تۆڵەی ئیمامی حوسێن لە موصڵ دەکەنەوە .
۲٠۱۷/۳/۲٥

Back to top button