پێشەوا هەورامانی: حکومەتی عێراق سیاسەتی برسیکردن دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت
کەمێک پێش ئێستا پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە پرسەکانی مووچە و بودجەو شایستەداراییەکانی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی عێراق سیاسەتی برسیکردن دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکات.
لە کۆنفرانسەکە راشیگەیاند، ئەمەی ئێمە لە حکومەتی عێراقی دەیبینین لە حکومەتی عێراق سیاسەتی برسیکردنە و تێکەڵکردنی مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ پرسە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
باسی لەوەکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکەم دانووستانیەوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوام هەوڵیداوە حکومەتی عێراقی پابەند بێت بەو رێککەوتنانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردوویەتی،
گوتیشی: ئەوەی پابەند نەبووە بە رێککەوتنەکان، حکومەتی عێراقییە.
راشیگەیاند، دوای ئەو هەموو گفتوگۆیانە، حکومەتی عێراق بڕیاری داوە 500 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەمەش لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان پێویستی بە 940 ملیار دینارە و ئەوەی حکومەتی عێراق دەینێرێت بەشی دابەشکردنی مووچە ناکات.
ئەوەشی خستەڕوو، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قسەی کردووە لەگەڵ وەزیری دارایی بۆئەوەی لەو پارەیەیی دەنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، ئەولەویەت بۆ مووچە بێت و رۆژی چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیران بڕیار دەدات.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: ئامادەین بۆ هەموو دانووستانێک، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نیەتێکی پاک و بە ئارامی و پشوو درێژییەوە دەچێتە دانووستانەکان، بەڵام نازانین ئەم ئارامی و پشوو درێژییە تا کەی بەردەوام دەبێت