شوان کەلاری: دۆخەكە هەروا نابێ و حكومەت و سەركردایەتی سیاسیی كوردستان رێوشوێنی پێویست دەگرنە بەر
شوان كەلاری، بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، نەناردنی پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە سیاسییە و گەمارۆدانی ئابووریی هەرێمی كوردستان و نیازێكی خراپە، روونی كردەوە، لە سەروبەندی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجە، باسی ئەوەم كرد كە بیروبۆچوونێكی خراپ لە بەغدا هەیە، بەوەی هەر چۆنێك بێت لە یاسای بودجەدا عەقلیەتە شۆڤینییەكەیان زال دەكەن، دەستی دەرەكیش لە پشت ئەوەوە هەیە.
ئاماژەی كرد، ئەوانە لە پرسی بودجە و بنەماكانی فیدراڵیدا نیازیان بەرانبەر هەرێم خراپە و ئەوەش هەر ئێستە نییە، ئەوەی پێوەندی بە پێشكەوتنی هەرێم و دەستووریشەوە هەیە پێشێلی دەكەن، ئەگەر لە ساڵی 2007 یاسای نەوت و غاز دەرچووبایە، ئێستە ئەم دۆخە دروست نەدەبوو، ئاشكرای كرد، بە پێی بەرنامەی ئەم كابینەیە كە لە پەرلەمان دەنگمان لەسەر دا بڕیاربوو دوای شەش مانگ بە رێككەوتن یاسای نەوت و غاز رەوانە بكەن، كەچی ئەوە 10 مانگە نەیانناردووە، بەوەش دەیانەوێ حكوومەتی محەمەد شەیاع سوودانی سەركەوتوو نەبێت و ئەویشیان كردووەتە ئامانج و ناتەبایی ناوماڵی شیعە و دەستی دەرەكی، ئەمانەش فاكتەرێكن.
بڕیاردەرەكەی فراكسیۆنی پارتی پێی وایە ئەم دۆخە هەروا نابێت و حكوومەت و سەركردایەتی سیاسیی كوردستان رێوشوێنی پێویست دەگرنە بەر، چونكە قۆناغی لەوانە سەختترمان بەڕێ كردووە، لە ساڵی 1988 لە شاڵاوی بەدەناوی ئەنفالدا 182 هەزار خەڵكی ئێمەیان خستە بن خۆل و هەموو گوندەكانی ئێمەیان لەسەر سنوورەكانی ئێران و توركیا تەخت كرد، لە 16ی ئۆكتۆبەر خەریك بوو هەولێر بگرن، لە شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و گرانبوونی نرخی دۆلار هەرێم كەوتە ناو تەنگژەوە، بەڵام بە رابەرایەتیی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێم ئەوانەمان تێپەراند، بۆیە ئێمە خاوەن دۆزێكی رەواین و ئەوەش تێدەپەڕێنین.