هەولێر و ناشڤیڵی ئەمریکا بوونە دەستەخوشك
هەولێر و ناشڤیڵی ئەمریکا بوونە دەستەخوشك و حاکمی ویلایەتێکی ئەمریکاش سەردانی کوردستان دەکات
شاندێکی پاریزگای هەولێر گەیشتنە ئەمریکا و لە چوارچێوەى سەردانەکەیاندا ئەمرۆ پێنجشەممە 2023.9.7، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە یاوەرى تریفە عەزیز، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا و شاندى یاوەرى، لەگەڵ بێڵ لى، حاکمى ویلایهتی تێنسى کۆبۆوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، سڵاو و رێزى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانى بە حاکمى ویلایهتی تێنسى ئەمریکا گەیاند و بەفەرمیش وەکو حکومەتى هەرێمى کوردستان بانگهێشتى حاکمى ویلایەتەکەى کرد بۆ سەردانى کردنى هەولێرى پایتەخت، لەلایەن خۆیەوە حاکمى ویلایهتی تێنسى ئەمریکا وێڕاى ئەوەى سوپاسى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگارى هەولێر کرد، خۆشحاڵى خۆى بە بانگێشتکردنە فەرمیەکە دەربڕى و تەئکیدى کردووە کە لە ماوەیەکى نزیکدا سەردانى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکات.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کرایەوە و باسى لەدوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە بەگشتى کرا، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر پشتیوانى ئەمریکاى بۆ هەرێمى کوردستان و کرانەوەى دیموکراسى لە هەرێمى کوردستان بەرز نرخاند و سوپاس و پێزانینى بۆ هاوكارى و پشتگیریى و پشتیوانى ئهمریكا لە هێزى پێشمەرگەى کوردستان لە شەڕى دژ بە تیرۆرستانى داعش و نههێشتن و له ناوبردنیان دهربڕى و بهردهوامیى پشتگیریى ئەمریکاشى بۆ ههرێمى كوردستان به پێویست زانى لە پێناو سەقامگیربوونی ناوچەکە.