تا من یەكێتی بم قبووڵی ناكەم ئامۆزا قایمقامەكەم لابدرێ

خواكوڕك
دوای ئەوەی بڕیاربوو یەكێتی گۆڕانكاری لە قایمەقامی سەید سادق بكات, ئەندامێكی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە و تیایدا لە بارەی دەنگۆی لابردنی قائیمقامی سەیدسادقەوە دەڵێ “چونكە ئامۆزای منە، گرووپێكی نێو یەكێتی بۆ شكاندنی من ئەو كارە دەكەن، بۆیە قبووڵی ناكەم”.

عەتا سەراوی ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ڕوونكردنەوەیەكی نووسیوە، تیایدا هەڕەشە لە یەكێتی دەكات و رایدەگەیەنێ تا ئەو یەكێتی بێت، قبووڵی ناكات ئامۆزاكەی لە پۆستی قایمقامیەتی سەید سادقی لێ بستێندرێتەوە.

لە ڕوونكردنەوەكەی ئەو ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتییەدا هاتووە “ئەگەر بریارە گۆرانكاری لە پۆستەكانی حیزب و حكومەت بكرێت، بەو میكانیزمە بێت كە ئەنجومەنی سەركردایەتی بریاری لە سەر دەدات، من بەو بریارە دەستە جەمعییە رازیم، بەڵام لە لایەن گروپێكی ناو یەكێتییەوە بێت، بۆ شكاندنی شەخسی من بێت، كە لە بەر ئەوە قائیمقام ئامۆزای منە، بێن بریارێكی وەها بدەن، ئەوە دڵنیابن بە هیچ جۆرێك پابەندی بریارێكی لەو جۆرە نابم و رێگای ئەوەش نادەین كە كەس بیەوێت تەعەدامان لێ بكات”.

سەراوی لە كۆتایی هەڕەشەكەیدا بۆ یەكێتی دەنووسێ ” تا ئێمە یەكێتی بین بریاری لەو جۆرە قبووڵ ناكەین، چونكە دڵنیابن ئەمە جگە لە تۆڵە سەندنەوە لە سەر هەڵوێستەكانی پێشوومان، هیچی تر نییە”.

Back to top button