رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ: پێویستە ئەوانەی لە کەرکووك تەقەیان لە خۆپیشاندارەنی کورد کردووە رادەستی دادگایەكی دادپەروەرانە بكرێن
رێكخراوی (هیومان رایتس وۆچ) لە راگەیاندراوێكیدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویكردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بە خۆپیشاندانەكانی كەركووك كردووە و رای گەیاندووە كە هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە كەركووك لە رێگەی كوشتن و دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان رووبەڕووی خۆپیشاندانی كوردانی كەركووك بوونەتەوە.
ئەوەش هاتووە، كە هەرچەندە بۆ ماوەی چەند رۆژێك خۆپیشاندەرانی سەر بە پێكهاتەكانی عەرەب و توركمان رێگەی نێوان هەولێر – كەركووكیان داخستووە لە دژی بڕیاری رادەستكردنەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام پاش ئەوەی خۆپیشاندەرانی كورد كە دژی ئەو كارەی خۆپیشاندەرە عەرەب و توركمانەكان رژابوونەتە سەر شەقام، گەیشتنە شوێنی مانگرتنەكە، هێزە ئەمنییەكانی عێراق بڵاوبوونەوە و هێزیان بەكارهێنا بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران.
رێكخراوەکە لە زاری شایەتحاڵەكانەوە جەخت دەكاتەوە: ”هێزە ئەمنییەكانی عێراق لەناكاو و بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە دەستیان بە تەقەكردن كردووە، رەنگە ئەم تەقەكردنەش لە بەرامبەر ئەو بەردانە بووبێت كە لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە لە ئۆتۆمبێلەكانیان دەگیرا.“
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، كە توندوتیژییەكە تەنیا رووبەڕووی خۆپیشاندەرانی كوردی كەركووك نەبۆتەوە، بەڵكو ژمارەیەكی زۆر لە رۆژنامەنووسانیش توندوتیژییان بەرامبەر كراوە.
داوای ئەوەشی لە حكومەتی عێراق كردووە، ئەنجامە بەراییەكانی ئەو لێكۆڵینەوانە ”بە زووترین كات“ ئاشكرا بكات كە لە رێگەی لێژنەیەك و بە فەرمانی محەمەد شیاع سوودانی دەستیان پێ كردووە و ”ئەوانەی لەو پێشێلكارییانە بەرپرسیارن، رادەستی دادگایەكی دادپەروەرانە بكرێن.“