سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە کونسوڵی گشتی کۆماری کۆریا لە هەرێمی کوردستان دەکات
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە چۆ کیجۆنگ کونسوڵی گشتی کۆماری کۆریا لە هەرێمی کوردستان کرد کە بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی سەردانی سەرۆکوەزیرانی کردبوو.
لە دیدارێکدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندی مێژووی و دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆریا، سوپاسی کونسوڵی گشتی کۆریای کرد بۆ كار و چالاکییەکانی لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەرک و کاری داهاتوویدا.
لای خۆیەوە کونسولی گشتی کۆریا، پێزانی خۆی بۆ هاریکاری و هەماهەنگی باشی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵخانەی وڵاتەکەی دەربڕی و ئامادەییشی نیشاندا بۆ زیاتر برەودان بە پەیوەندی نێوان کۆریا و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە بواری خوێندن و پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم تایبەت بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.