میدیای فەرمی یەکێتی بووەتە گوێزەرەوەی چەواشەکارییەکانی حکومەتی عێراق دژی هەرێمی کوردستان
لە دوێنێوە میدیای فەرمی یەکێتی چەواشەکارییەکانی حکومەتی عێراقی بڵاوکردووەتەوە و پاساویان بۆ دەهێنێتەوە لەبەرامبەر نەناردنی مووچەی خەڵکی کوردستان، لەکاتێکدا حیزبەکە یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی حکومەتی هەرێم، کەچی بەهیچ شێوەیەک ئەو راستییانەی بڵاو نەکردووەتەوە کە حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە.
لەو بارەیەوە بەختەوەر سەپان، پارێزەر و چاودێری سیاسی رایگەیاند: ”میدیای یەكێتی رەنگدانەوەی سیاسەتی ئەو حیزبەیە و بوونەتە بڵندگۆ بۆ چەواشەكارییەكانی حكومەتی عێراق.”
جەختیشی كردەوە: ”ئێستا پێویستیمان بەوەیە هەموو حیزبەكان یەكگرتوو بن و یەكدەنگ بن، تاوەكو ئەم فشارە زۆرەی دەسەڵاتە فاشییەكانی بەغدا لەسەر كوردستان هەیە، هێواشتر بێت یان نەمێنێت، پێویستە میدیاكانی ئەو حیزبانەش هیچ نەبێت میدیای كورد بن و لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان قسە بكەن، با هیچ نەبێت چۆن قسەی حكومەتی فیدڕاڵی دەگوازنەوە، قسەی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بگوازنەوە تاوەكو خەڵكەكە بۆ خۆی هەردوو زانیارییەكە ببینێت و خۆی حوكم بدات، نەك زانیارییەكانی حكومەتی خۆت فەرامۆش بكەیت و تەنیا هی حكومەتی عێراق بڵاو بكەیتەوە!“