قایمقامی ماوەت: زەنگی ئاگادارکردنەوەی راگەیاند، هاووڵاتییانی سنوورەكەمان لەژێر مەترسیدان

کامەران حەسەن، قایمقامی ماوەت رایگەیاند: بۆردومانەکەی ئەمڕۆ لە نزیک گوندی باساوێ، لە سەرووی پردی (بەربەرد) بووە و کاتژمێر 9:10ی بەیانی لە ڕێگەی درۆنەوە هێرشەكە كراوە و بەهۆیەوە ئاگر كەوتووەتەوە، بەڵام خۆشبەختانە زوو کۆنترۆڵ کراوە و هیچ كەسێكیش نەبووەتە قوربانی.

قایمقامی ماوەت روونیشی كردەوە: چەکدارانی پە*کە*کە لەم سنوورەدان. باسی لەوە كرد كە بوونی هێزەكانی پەكەكە لە ناوچەكەیان، لایەنی ئەمنی و سیاسیی هەیە و ئێمەش وەک ئیدارە بەڕاستی دەسەڵاتی ئەوەمان نییە تەداخولی ئەوە بکەین كە بۆچی لەوێن، کەسیش گوێمان لێ ناگرێت، بۆیە هەر شتێک بکرێ دەبێ لە ڕووی ئەمنی و سیاسییەوە كاری لەسەر بكرێت.

لەبارەی ئەو پرسیارەی كە ئاخۆ هاووڵاتیانی سنوورەكە بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە مەترسییان لەسەر هەیە؟ قایمقامی ماوەت گوتی: بە دڵنیاییەوە، ئەم بۆردومانانە خەڵکی نیگەران و بێزار کردووە، خەڵک دەترسێت، بەتایبەت سنووری سەفرە و قامیش، گەڵاڵە و باشینگ، ئەم شوێنانە زیاتر فۆکسیان لەسەرە.

Back to top button