مەسرور بارزانی: هاوخەمی و پشتیوانی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی مەغریب رادەگەیەنین

ئەمڕۆ شەممە 9ـی ئەیوولی 2023 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، “بەوپەڕی دڵتەنگییەوە هەواڵی بوومەلەرزەیەکی وێرانکەرمان پێگەیشت کە شانشینی مەغریبی هەژاند کە بووە هۆی زیانی گەورەی گیانی و رووخانی باڵەخانەکان”.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هاوخەمی و پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خێزانی قوربانییەکان دەکات و پشتیوانی گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی مەغریب دووپاتدەکاتەوە لەو چرکەساتە سەختەی تێێدا تێپەڕدەبن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە (9ـی ئەیوولی 2023) نزیکەی کاتژمێر 02:00 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.2 پلەی رێختەر ژمارەیەک پارێزگای مەغریبی گرتەوە. بە گوێرەی ناوەندیی رووپێوی جیۆلۆجی ئەمەریکی، چەقی بوومەلەرزەکە لە شاری مەراکش بووە و لە قووڵایی 18.5 کیلۆمەتر لەژێر تووێکلی زەویدا روویداوە و بەپێی ئامارە فەرمییەکانیش تاوەکو ئێستا هەزار و 37 کەس گیانیان لەدەستداوە.

Back to top button