قایمقامی سۆران, هۆشداری دەداتە هەلسوڕاوێكی گۆڕان كە خەلك ناونووس دەكات بۆحەشدی شەعبی

خواكوڕك

دوای ئەوەی هەڵسووڕاوێكی بزووتنەوەی گۆڕان لە سنوری قەزای سۆران هەوڵ بۆ چەكداركردنی هێزێك دەدات بۆ حەشدی شەعبی، قایمقامی سۆران دەڵێت هۆشداریمان بەوكەسە داوە رووبەرووی یاسای دەكەینەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، (سەردار عومەرئاغا سورچی)، هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان هەوڵ بۆ دروستكردنی هێزێكی چەكدار دەدات و وەك خۆی ڕاگەیاندووە، پارە و هاوكاریی لە حكوومەتی عێراقەوە وەردەگرێت و دەیەوێت ئەو هێزە لە سنووری ناوچەی خەلیفان دروست بكات.

(كرمانج عیزەت)، قایمقامی قەزای سۆران بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ”بە هیچ شێوەیەك ڕێ بە هیچ هێزێك نادرێت لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و هەركەسێك ئەوە بكات ڕووبەڕووی یاسای دەكەینەوە.” هەروەها گوتی: ”ئەو كەسەی ناوی هاتووە، هەوڵی داوە كارێكی لەو شێوەیە بكات، بەڵام ئاگادارمان كردووەتەوە، كە دەبێت لە چوارچێوەی ڕێنماییی یاساكان دەرنەچێت، دەنا ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە.”

قایمقامی قەزای سۆران ئەوەشی گوت، كە تێناگەن بۆ لەو سنوورە هەوڵ بۆ دروستكردنی هێزی چەكدار دەدرێت، لەكاتێكدا ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگەی لێیە.

Back to top button