چیا هەرکی بۆ بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەكێتی: بە قسەكانتدا دیارە كە هیچ لە سیاسەت و حوكمڕانی نازانیت

دوای ئەوەی مەجید حەمەدەمین، بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەكێتی، هاوشێوەی حیزبەکەی پاکانەی بۆ ئەو زوڵمەی حكومەتی فیدڕاڵی کرد کە لە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی دەکرێت، و بانگەشەی ئەوەی كرد كە نابێت بە راگەیاندراو وەڵامی گوتەبێژی حكومەتی عێراق بدرێتەوە و دەبێ سەردانی بەغدا بكرێ. و ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە بەرگری لە مووچەخۆرانی بكات.

لەوبارەیەوە، چیا محەمەد هەرکی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی رایگەیاند: ”زیاتر لە 19 جار شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە داتا و دیکۆمێنتەوە و تەواوی وردەکارییەکان بۆ دووپاتكردنەوەی پابەندییان بە رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەت چوونەتە بەغدا، هەروەها شاندەکە و حکومەتی هەرێمیش لێدوان و بەیانی خۆیان هەبوو، بەڵام مەجید حەمەدەمین بەم لێدوانەیدا دەردەکەوێت، کە نەک هیچ لە کاری حکومەت تێناگات، بەڵکو شتێکیش لە سیاسەت نازانێت، خۆ ئەگەرنا بەم جۆرە قسەی لەسەر حکومەتێک نەدەکرد کە حیزبەکەی بەشێکە تیایدا، كە هەموو هەوڵێکی لە سەرەتای کابینەکە تا ئێستا لەپێناو بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان و شایستە داراییەکان و مافی مووچەخۆرانی کوردستان داوە، پێم سەیرە ئەم برادەر هێندە نەزانانە و بێئاگایانە قسە لەسەر ئەم بابەتە دەکات!“

روونیشی كردەوە: ”حیزبەکەی دکتۆر مەجید و فراکسیۆنەکەی لە بەغدا کارەکانیان دیارن، تەنانەت لە رووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکووکیش دیتمان حیزبەکەی لەگەڵ چ لایەنێک بوو و رۆڵی چۆن بوو، بەداخەوە لەبری بەرگریکردن لە مووچەخۆران و فەرمانبەران، چوونە بەرەیەكی دیكە هەوڵی دەستوەردان و دەستکاریکردنی مافەکانیشیان دا بە ئاراستەی زیاتركردنی ئاستەنگەكان. لەم کابینەیەدا هەر چییان لەدەست هات بۆ دژایەتی حکومەتی هەرێمی كوردستان درێغییان نەکرد، ئێستاش كە خەڵكەكەیان گەیاندووەتە ئەم دۆخە، هاتوون خۆیان لێمان كردووە بە حەكیم و ئامۆژگاری دەخەنەڕوو.“

ئەوەشی خستە روو، کە بێگومان ئەرکی حکومەتە داکۆکی لە مافی خەڵکەکەی بکات، بۆ ئەوەش حکومەتی هەرێمی كوردستان درێغی نەكردووە و رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی ناوەنددا کردووە، هەموو ئەو پابەندییانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە جێبەجێی کردوون، بەڵام ”ئەوە بەغدایە پابەند نییە بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و کاریگەری فشاری دەرەکی لەسەرە، بەڵام دکتۆر مەجید ئەم قسانەنی بۆ جووڵاندنی سۆزی خەڵکە، ئەو خەڵکەش زۆر باش رۆڵی خۆی و حیزبەکەی لە بەرگری لە مافەکانیان دەزانن چۆنە و چییان کردووە.“

Back to top button