یەکەمین کۆنفرانسی وەبەرهێنان و ئافرەت لە هەولێر بەڕێوە چوو

بە مەبەستی داڕشتنی نەخشەڕێگای کاری وەبەرهێنان بۆ ئافرەتان و چۆنیەتیی رێکخستنی پلانەکان. ئەمڕۆ لە هەولێر بە بەشداریی زیاتر لە بیست وڵات و زیاتر لە 300 پسپۆڕی پلانی وەبەرهێنان، یەکەمین کۆنفرانسی وەبەرهێنان و ئافرەت بەڕێوەچوو

د. محەمەد شوکری لە کۆنفراسەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا بە ناوی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و دەستەی وەبەرهێنان بەخێرهاتنی بەشداربووانی کۆنفراسانەکەی کرد کە بەشێکیان لە وڵاتانی ناوچەکەوە هاتبوونە هەرێمی کوردستان.

چەندین وەزیر و پەرلەمانتاری وڵاتان و کەسایەتی ئابوری و سیاسی و وەبەرهێنەر و کەسایەتی میدیایی و کەسایەتی کە بایەخ بە کەرتی وەبەر‌هێنان و گەشتوگوزار دەدەن لە وڵاتانی عەرەبی و دراوسێ بەشدارن.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە گوتارەکەیدا هیوایخواست سەردانی بەرپرسان و وەبەرهێنانی وڵاتانی ناوچەکە ببێتە دەستپێکێکی باش لە ناسینی هەرێمی کوردستان و کرانەوەی دەرگای چەندین دەرفەت و هاوبەشی نوێ لەو کەرت و چالاکییانەی کە جێی بایەخی ئەوان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیشن.

محەممەد شوکری لە گوتارەکەیدا باسی لەوەکرد، “وەک دەستەی وەبەرهێنان پێشوازی لە پرۆژەی وەبەرهێنان دەکەین لە کۆمەڵێک کەرتی جۆراوجۆر، ئەوەی ئێستاش سەرنجی ئێمەی لەسەرە بریتین لە کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی، و گەشتیاری. کە پێمان وایە هەرێمی کوردستان توانا و سەرچاوەی زۆر باشی هەیە بۆ پێشخستنی ئەم کەرتانە و هاندانی وەبەرهێنانی زیاتر تێیاندا”.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بە ئاماژەدان بە مێژوویەکی دوورودرێژی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان و بە پیتی خاکەکەی گوتی: ئێستا کەرتی کشتوکاڵ لە کەرتە بنەڕەتییەکان و ساڵانە جوتیارانی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک بەرهەمی زۆر باش بەرهەم دەهێنن، لەوانە گەنم، پەتاتە، تەماتە، خەیار و میوەکان (وەک هەنار و سێو و ترێ). هەندێک لەم بەرهەمانە ساڵانی پێشتر رەوانەی وڵاتانی کەنداویش کراون و ئێستاش هەوڵ دەدەین کە هەناردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان زیاتر بکەین و هانی وەبەرهێنەرانیش دەدەین کە پرۆژەی زیاتر لە بواری کشتوکاڵ بکەن، بەتایبەت بۆ پرۆژەکانی پیشەسازی خۆراک بەکەڵک وەرگرتن لە بەرهەمە خۆماڵییەکان.

 

Back to top button