مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای عەرەبستانی سعوودی دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە 11ی ئەیلوولی 2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە شاندێکی عەرەبستانی سعوودی بە سەرۆکایەتی بەڕێز سەعد ئەلشەهرانی بریکاری وەزیری وەبەرهێنانی ئەو وڵاتە.
لە دیدراێکدا گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عەرەبستانی سعوودی لە بواری برەودان بە وەبەرهێنانی سعودی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆکوەزیران وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندی دۆستانە و مێژوویی نێوان هەرێمی کوردستان و سعوودیە، کورتەیەکیان دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و ئاسانکاریکردن بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە خستەڕوو.
هەروەها بریکاری وەزیری وەبەرهێنانی عەرەبستانی سعوودی، خواستی پتەوکردنی پەیوەندیی دوولایەنەی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و وەبەرهێناندا.