عەدالەت عومەر: سوودانی یان یاسای بودجەی نەخوێندووەتەوە یان شەڕ دەفرۆشێت
عەدالەت عومەر، چالاکوان، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، وەڵامی لێدوانێکی محەمەد شیاع سوودانی، دەداتەوە کە رایگەیاندبوو: “هیچ شتێک بەناوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا نییە!”
ئەو چالاکوانە نووسیویەتی: “لە یاسای بودجە ژمارە 13ی ساڵی 2023 کە لە وەقایعی عێراق ژمارە 4726 بڵاو کراوەتەوە، لە لاپەڕە 70 باسی مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە لە ستوونی سێیەم لە پێش ناوی (اقلیم کردستان) کە لە رێزبەندی 53یە بە ناوی (تعویضات الموظفین) و بە بڕی 9 ترلیۆن و 29 ملیار و 513 ملیۆن و 616 هەزار دینار عێراقی ئاماژەی پێ کراوە.”
ئەو چالاکوانە ئاماژەی بە ئەوەش دا: “لە هەمان کات لە مادەی 13، هەشتەم – ئەلف، بە نووسین باسی مووچەی فەرمانبەران و خانەنیشینان هاتووە.”
عەدالەت عومەر، دەشڵێ، ئەو لێدوانەی سوودانی مانای ئەوەیە یان هەر یاسای بودجەی نەدیتووە، یان حەزیان لە شەڕ فرۆشتن و پێشێلکردنی مافی هەرێمی کوردستانە، وەک هەمیشە بە درێژایی مێژووی 100 ساڵەکەیان، بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی رۆژگار تا هەتایە لەسەر یەک پاژنە ناسوڕێ دونیا دەوران دەورانە.