مەسرور بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی نەمسا دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 13/9/2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەلکساندەر شالنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا (ئۆستریا) کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت ئامادەی بوو، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی مێژوویی و دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و نەمسا تاوتوێ کرا.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی حکومەت و خەڵکی نەمسای کرد بۆ پشتگیری خەڵکی کوردستان لە قۆناخە جیاوازەکاندا، خواستی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ نەمسا لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.

وەزیری دەرەوەی نەمسا ئاماژەی بەوەدا: “هاتنمان بۆ هەرێمی کوردستان بۆ جەختکردنەوەیە لە سەر دۆستایەتیمان لەگەڵ خەڵکی کوردستان و بۆ برەودانە بە پەیوەندی لەمێژینەمان.”

تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکان، تایبەت بوو بە کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی و گرنگیی پاراستن و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، هەردوولا جەختیان لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و پێویستیی بەهێزکردن و پتەوکردنی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق و سوود وەرگرتن لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی فیدرالیزم لە جیهان و ئەورووپا و لەنێویشیاندا نەمسا کردەوە.

رووبەڕووبوونەوە کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا لە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

 

Back to top button