سەعدی پیرە: سەردانەکەی کاک مەسرور بارزانی بۆ بەغدا کاریگەری و هێزی دەبێت بۆ کوردستان

سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند: ماقووڵ نییە هەرێمی کوردستان دەڵێت پابەندییەکانی خۆمان جێبەجێ کردووە، بەڵام بەغدا دەڵێت جێبەجێ نەکراوە، ئەمە بەئاسانی دەتوانرێ لەم سەردانە ساخ بکرێتەوە، چونکە ئەم سەردانەی کاک مەسرور و کاک قوباد ئێجگار باشە و پشتیوانیی زۆر گەورەی لە خەڵكی كوردستان دەبێت و کاریگەریی زۆری باشی لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان دەبێت.

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەشڵێت: ئێستا هەرێمی کوردستان لە هەموو لایەکەوە فشار و هەڕەشەی گەورەی لەسەرە، مووچەخۆرەکانمان گلەیی لە حکوومەت دەکەن، هێزە سیاسییەکانی عێراق فشارمان لەسەر دروست دەکەن، جار جارە بەرپرسە نابەرپرسەکانیان وشەی دیکتاتۆری پێشوو بەرامبەر هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنن و بە (شیمالی عێراق) ناوی دەبەن، دووبارەکردنەوەی ئەم وشەیە بۆنی هەڕەشە و خراپیی لێ دێت، پێویستە بەگرنگییەوە وەریبگرین و نەهێڵین پەرە بسێنێت.

هاوکات گوتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خەباتی دەیان ساڵەی میللەتەکەمانە و ئێستا لەبەردەم هەڕەشەدایە، زۆر کەس خەونی لەناوچوونی دەبینێت، نابێت رێگە بدەین ناکۆکییەکانمان رێگەخۆشکەر بن بۆ ناحەزانمان، دەشڵێت: ”سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی دەتوانن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان، جگە لەم سەفەرەی بەغدا، سەردانی وڵاتانی دراوسێش بکەن ،بۆ کەمکردنی ئەو هەڕەشە و فشارانەی بە هۆکاری جیاجیا لەسەر هەرێمی كوردستان دروست بوو، ئەمە گرنگ دەبێت.

Back to top button