رۆژنامەی فەرمی عێراق: سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا، هەنگاوێكی گرنگە بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا
رۆژنامەی (الصباح)ی سەر بە حكومەتی عێراق لە ژمارەی ئەمڕۆیدا ئاماژەی بەوە كرد، ئەو سەردانەی شاندی هەرێمی كوردستان كە بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی ئەنجام درا، ”هەنگاوێكی گرنگە بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.“
رۆژنامەکە لە زاری عەلی فەزلەڵا، شیكەرەوەی سیاسییەوە باسی لەوەکردووە:” ئەو نزیكبوونەوەیەی لەم دواییە و بە تایبەتیش پاش سەردانەكەی مەسرور بارزانی و شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و دیداریان لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی و بەرپرسانی دیكەی حكوومی و سیاسیی عێراقی، گۆڕانكارییەكی جۆری لە كاركردن لەسەر چارەسەركردنی تەواوی قەیرانەكان بە قەیرانی داراییشەوە دروست دەكات.“
باسیشی لەوە كردووە كە ئەم نزیكبوونەوەیە كاریگەری لەسەر سەقامگیریی دۆخی سیاسی دەبێت و رەنگدانەوەی ئەرێنی بەسەر كاركردنی حكومەتی فیدڕاڵیش دەبێت، بەو هۆیەی سیستەمی عێراق پەرلەمانییە و حكومەت پێویستی بە پشتیوانیكردنی چینی سیاسیی هەیە.“
لای خۆشیەوە زیرەك ئەحمەد کە نووسەرە بۆ رۆژنامەکە گوتوویەتی، چەندە عێراق لە لایەنی بودجە و داهاتەوە فشار بخاتە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان، زەرەرمەندی سەرەكی لە ململانێكە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و مووچەخۆران دەبن، چونكە قووت و بژێوییان لەسەر مووچەیە.“
باسی لەوەشکردووە:” جگە لە رێككەوتن بەپێی دەستوور و یاسای بودجە و دەرهێنانی قووتی خەڵك لە ململانێكان و تووڕەنەكردنی شەقامی كوردستانی لە هەرێمی كوردستان، هیچ چارەسەرێكی دیكە نییە، بە تایبەتیش كە لە سەروبەندی هەڵبژاردنداین.