شوان کەلاری: گەشبینم ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بڕیار دەدات
شوان کەلاری پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند: “ئومێد هەیە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بڕیار لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەران بدرێت، چونکە ئامادەسازی بۆ کراوە، سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری هەم کاتەکە و هەمیش دیدار و کۆبوونەوەکان بە گشتی و یەکڕیزی شاندەکە و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا، هۆکارن بۆ ئەوەی بڵێین گەشبینین کە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی ناردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڕیار دەدات”.
ئاماژەی بەوەشکرد: “بەردەوام لە پەرلەمانی عێراق دەنگی نەشاز هەن، هەندێک پەرلەمانتار هەمووکات خەریکی موزایەدەن، خەیاڵیان لای ئەوەیە چۆن لە خولێکی دیکە ببنەوە پەرلەمانتار، دژایەتی هەرێمی کوردستان و شۆڤێنیەت هێشتا لەناو حوکمڕانی و لایەنەکان هەیە، بۆیە رەنگە هەندێکیان بەرزبوونەوەی خۆیان لە دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستانەوە ببینن، بەڵام بە گشتی لایەنە سیاسییەکانی عێراق دوای سەردانەکەی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریانداوە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لە بەرژەوەندی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەران بدەن”.
ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی، جەختیکردەوە، کە ئەو دڵنیایە ئەمڕۆ هەواڵی خۆش لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەران بڵاودەکرێتەوە.