سەرۆك بارزانی پێشوازی لە خانەوادە و كەسوكاری شەهیدان و بریندارانی رووداوەكانی ئەم دواییەی كەركووك دەكات
رۆژی دووشەممە 18ی ئەیلوولی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خانەوادە و كەسوكاری شەهیدان و بریندارانی رووداوەكانی ئەم دواییەی كەركووك كرد.
لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی ئاراستەی خانەوادەی شەهیدان و برینداران كرد و جەختی لەوە كردەوە كە خوێنی ئەو ئازیزانە بەفیڕۆ ناچێت و پێویستە تاوانباران سزای یاسایی خۆیان وەربگرن. سەرۆك بارزانی ئاماژەشی بەوەدا خوێنی ئەو شەهیدانە و دەنگی ناڕەزاییتان پەیامێكی روون بوو بۆ هەموو لایەك كە كورد گەلێكی زیندوو و هۆشیارە و پێویستە سنوورێك بۆ ئەو زوڵم و ناهەقیە دابنرێت كە لەدژی هاووڵاتیانی كورد لە كەركووك دەكرێت.
سەرۆک بارزای ئەوەشی بە ئامادەبووان راگەیاند، بەردەوامبوونی ئەو دۆخە ناسرووشتییەی لە كەركووك هەیە مانای ئەوە نیە كە دەستبەرداری ناسنامەی كەركووك دەبین چونكە كەركووك بۆ هەموو تاكێكی كورد رەمزێكی گەورەیە. سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە كەركووك دەبێت بۆ هەمووان بێت و ببێتە نموونەی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی و ئەو گرفتانەی كە ئێستا لە ئارادان بە خۆسەپاندن و توندوتیژی چارەسەر ناكرێت بەڵكو دەبێ بۆ چارەسەری كێشەكان زمانی عەقل و مەنتق بەكار بهێندرێت.
لە بەشێكی تری وتەكەیدا سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە بە قووڵی لە ئێش و ئازارەكانی هاووڵاتیانی كورد لە كەركووك تێدەگات و داواشی كرد كە بە هیچ شێوەیەك رێگە بە سەركەوتنی ئەو هەوڵە نامەسئولانە نەدرێت كە نیەتی ئەوەیان هەیە ناكۆكییە سیاسییەكانی لایەنەكان بكەنە ناكۆكی و ململانێی نەتەوەیی نێوان پێكهاتەكانی كەركووك.