رابەر ئەنوەر، یەكێك لەوانەی لە تەقینەوەكەی عەربەت گیانی لەدەست دا، شارەزای دروستكردنی درۆنە
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 18ی ئەیلوولی 2023، تەقینەوەیەک لە فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت لە سلێمانی رووی دا، دژەتیرۆری یەکێتی رایگەیاند کە لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەکە. بەلام بەپێی زانیارییەکان و ڤیدیۆیەک کە لە تۆشەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو بۆتەوە ، یەكێك لەو كەسانەی كە لە تەقینەوەكەی عەربەت گیانی لەدەست دا، شارەزای دروستكردنی درۆنە، ئەمەش گومانەكان لەسەر ئەوە زیاتر دەكات كە رووداوەكە تەقینەوەی درۆنی خۆتەقێن بووبێت.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەردەکەوێت، یەكێك لە قوربانییەكانی تەقینەوەكەی فڕۆكەخانەی عەربەت ناوی رابەر ئەنوەرە كە كوڕی بەڕێوەبەری كشتوكاڵی قەزای ماوەتی باكووری سلێمانییە كە بەشێكی قەزاكە بەدەست هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستانەوەیە، رابەر كەسێكی شارەزایە لە دروستكردنی درۆنە و، خولیای دروستكردنی درۆنی هەبووە و پێشتر چەند درۆنێكی درووست كردووە و بە سەركەوتوویی فڕاندوویەتی، خولیای وێنەگرتنیشی لە رێگەی درۆنەوە هەبووە.
گیان لەدەستدانی رابەر ئەنوەر لەو رووداوەدا، ئەو گومانانە زیاتر دەكات كە باس لەوە دەكەن، تەقینەوەكەی نێو فڕۆكەخانەی عەربەت هێرشی درۆن نەبووە، بەڵكوو لە ئەنجامی تەقینەوەی درۆنی خۆتەقێن رووی داوە.
گومان لە جۆری تەقینەوەكە هەیە و زانیاریی جیاواز لەمبارەیەوە هەن، هەندێک پێیانوایە تەقینەوەكە هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بووە، بەڵام هەندێك دەڵێن ئەو تەقینەوەیە لە کاتی دروستکردنی درۆنی خۆتەقێن، لەنێو دەستی گرووپێكی وەهاب هەڵەبجەیی و گرووپێکی پارتی كرێكارانی كوردستان (پە*کە*کە) رووی داوە کە بە یەکەوە کاریان لەسەر كردوون و لە ئەنجامدا ژمارەیەک كەس لە گرووپەكەی وەهاب هەڵەبجەیی کوژراون، جگە لەوەی باسی کوژرانی چەند کەسێکی پەکەکەش دەکرێت.
ئەمە لە كاتێكدایە تاوەكوو ئێستا هیچ وڵاتێك بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشە رانەگەیاندووە و، دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی بە فەرمی وردەكاری تەقینەوەكەیان روون نەكردووەتەوە و رایانگەیاندووە کە زۆر لە زانیارییەکان ناخەنە روو تا لێکۆڵینەوە تەواو دەکەن.