سێ کۆنگرێسمان په‌یامێكی گرنگ لەبارەی کوردستان ئاراستەی سەرۆکی ئەمریکا دەکەن

لە نامەیەکی فەرمیدا، رۆژی دووشەممە، هەر سێ کۆنگرێسمانی ئەمریکا، بەناوەکانی مایکڵ واڵتز و مایکڵ مەکۆڵ و جۆو ویڵسنی سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، داوا لە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەن، کە هەموو هەوڵەکانی بخاتە گەڕ لە مەڕ کۆتایهێنان بەو مامەڵەی کە بەرامبەر هەرێمی کوردستاندا دەکرێت.

لە نامەکەدا کۆنگرسێمانەکان بۆ بایدن نووسیویانە: “داوات لێدەکەین کە هەموو هەوڵێک بدەیت بۆ کۆتاییهانن بەو مامەڵە قبوڵنەکراوەی دەرهەق بە هاووڵاتییانی کوردی ‌عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت”.

لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا رۆڵی مێژووی و پشتیوانیەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا بەبیر بایدن دەهێننەوە و وەک هاوپەیمانێکی جێگەی متمانەی ئەمریکا ناوزەدی دەکەن و گلەیی لەو فشارە سیاسیی و ئابووری و یاسایانە دەکەن کە دژ بە هەرێمی کوردستان دەکرێت.

ئەو ئەندامانە داوا لە جۆو بایدن دەکەن کە “ستراتیژێکی نوێ بۆ عێراق” دەبڕێژرێت و گفتوگۆ لەسەر ئەو کێشانە بکات لەگەڵ سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ نیویۆرک و بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان.

Back to top button