هاككەرێكی مەترسیداری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەستگیركرا
بەشی نەهێشتنی تاوانی سۆران، هاك كەرێكی مەترسیداری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی دەستگیر كرد،كە نزیكەی پێنج سەد كەسی هاك كردبوو.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران رایگەیاند: دوای تۆماركردنی سكاڵایەك لەلایەن هاووڵاتییەكەوە لەسەر ئەوەی ئەكاونتی ( فیسبووك )ی كەسی خۆی هاك كراوەو بەهۆیەوە چەندین هەڕەشەی مەترسیداری لێكراوە ، دەست بەجێ تیمەكانی نەهێشتنی تاوانی سۆران توانیان سەرەداوی هاك كەرەكە دەست نیشان بكەن و پاشان هەوڵەكان چڕ كرانەوە لەلایەن تیمە تەكنیكیەكانی نەهێشتنی تاوانی سۆران، توانرا ناسنامەی تۆمەتبار ئاشكرا بكرێت و لەرێكەوتی 19-9-2023 دەستگیر بكرێت كەناوی ( س،م،م ) لەدایك بووی ( 2006 ) دانیشتووی شاری سۆرانە.
پۆلیسی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە ، دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبار، دانی بەتاوانەكەی نا كە ژمارەیەكی زۆر خەڵكی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هاك كردووە ، ئامانجیشی لەم تاوانەدا بەدەست خستنی پارە بووە.
هەروەها پۆلیسی سۆران دەڵێت: تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەر راگیراوەو بەپێی ماددە ( 2 ) لەیاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، لێكۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە .