بە بڕیارى مەسرور بارزانی یاریگەى ئاکرێ و بەردەڕەش و دینارتە نۆژەن دەکرێنەوە

دوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئاکرێ لە 22ـى 5ـى 2022 و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی شارەکە، بڕیاری جێبەجێکردنی ژمارەیەک پرۆژەی لە سنوورەکە دا، یەکێک لەو پرۆژانەش نۆژەنکردنەوە و بونیاتنانەوەى یاریگەکانی ئاکرێ و بەردەڕەش و دینارتەیە، کە کارەکانیان دەستیان پێ کردووە.
هۆزانڤان زاهد، ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی ئاکرێ، رایگەیاند، “دواى سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی دڵخۆشکەری دا، ئەویش نۆژەنکردنەوەى یانەى ئاکرێ و بەردەڕەش و دینارتەیە، کە جێی دڵخۆشی وەرزشوانانى هەرسێ ناوچەکەیە.”
گوتیشی: ” کارەکانی پرۆژەکان زۆر باش بەڕێوە دەچن، بە هیواین بۆ مانگی 12 کۆتایی پێ بێت و یانەى ئاکرێ لە گەڕی دووەمی خولی کوردستان لە یاریگەى نوێی ئاکرێ یارى بکەن.”
یاریگەی یانەی وەرزشی ئاکرێ زیاتر لە 5 هەزار هاندەر دەگرێت، بە بڕیاری سەرۆکوەزیران نۆژەن دەکرێتەوە و تێچوەکەشی 303 ملیۆن دینارە.
جگە لەو یاریگەیە، دوو یاریگەی دیکەی تۆپی پێ لە قەزای بەردەڕەش و ناحیەی دینارتە نۆژەن دەکرێنەوە، کە تێچوەکەیان 580 ملیۆن دینارە، هەلیکاری بەردەوامیان بۆ هاووڵاتییان رەخساندووە و لە ماوەیەکی نزیکدا کارەکانیان تەواو دەکرێن.

Back to top button