یه‌كه‌مین بانكی نیشتمانی كوردستان تۆمار كرا

وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: دوێنێ چوارشەممە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتەکەیان، یەکەمین کۆمپانیای بانکی نیشتمانی کوردستان تۆمار کرا بەناوی (بانکی نیشتمان) کە بانکێکی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و راستەوخۆ بە بانکی ناوەندیی عێراقی فیدڕاڵەوە دەبەسترێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە: تایبەتمەندییەکانی ئەم بانکە و ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشی دەکات بە هەمانشێوەی بانکی ناوەندی دەبێت و وەک بوونی سەکۆیەکی ئەلیکترۆنی بۆ ئاڵوگۆڕی دراوەکان کە بازرگانان و هاووڵاتییان دەتوانن لێی سوودمەند بن، هەروەها راستەوخۆ مانگانە بەشە بوودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران دەگوازرێتەوە ئەم بانکە و فەرمانبەران دەتوانن لە رێی ئەم بانکەوە مووچەکانیان بەدەست بگات.

ئاشکراشی کردووە كه بانكی نیشتمانی كوردستان‌ وەک بانکێکی فەرمی گشتگیری حکومەت مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و جیاواز لە بانکە حکومییەکانی تر، خزمەتگوزارییەکانی لە بواری جیاوازی بانکیدا پێشکەش دەکات و تەنیا هەڵگرتنی پارە نییە.

وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ رێکارەکانی دامەزراندنی ئەم بانکە لە هەرێمی کوردستان تەواو بووە و ئەوەی ماوەتەوە هەندێ ڕێکاری ڕۆتینییە لەگەڵ بانکی ناوەندی و لە ئایندەیەکی نزیکدا تەواو دەکرێ.

Back to top button