ئهمڕۆ شەش ساڵ بەسەر ریفراندۆم و بڕیارە مەزن و مێژووییەكەی كوردستانیاندا تێدەپەڕێت
ئەمڕۆ 25ی ئەیلولی 2023، شەش ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بە رابەرایەتی سەرۆک بارزانی، تێدەپەڕێت كە تێیدا 93%ی دەنگدەرانی هەرێم دەنگیاندا بۆ جیابوونەوە لەعێراق.
رۆژی 7ی حوزەیرانی 2017 لە کۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی لەگەڵ حیزبە و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بڕیار درا، رێکەوتی 2017/9/25 ریفراندۆم بۆ دیاریکردنی چارەنووس و سەربەخۆیی باشووری کوردستان بەڕێوە بچێت.
پاشان ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لە هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ بەڕێوەچوون و چاودێریکردنی ریفراندۆم پێکهات و لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم و دامودەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستانەوە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە كوردستان ئەرکدار کرا کە پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەڕێوە ببات.
کۆمسیۆن باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن دوای ئامادەكارییەكانی لە وادەی دیاریكراودا، یەكەمین ریفراندۆمی سەربەخۆی كوردستانی بەڕێوە برد كە ئەمە یەكەمین كاری ئەو كۆمسیۆنە بوو لە دوای دروستبوونی.
بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم قۆناغێكی دیكەی گرنگی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان بوو، بە تایبەت كە سەرجەم لایەنەكان پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ پڕۆسەی ریفراندۆم دووپاتكردەوە و بەڵێنیاندا هەموو تواناكانیان بۆ سەرخستنی ریفراندۆم بخەنەگەڕ.
گرنگی زیاتری بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لەوەدا دەركەوت، كە نەوەك تەنیا له ههرێمی كوردستان، بەڵكو پرۆسەكە ناوچه كوردستانییهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێمیش بگرێتەوە، بڕیارەكەش پشت بهستوو بوو به بنهماكانی مافی چارهی خۆنووسین، كه مافێكی دانپێنراوه لهلایهن كۆمهڵهی گشتی نهتهوه یهكگرتووهكان، و بهو پێیهی گهلی كوردستان خاوهن ههموو تایبهتمهندیهكانی خۆیهتی لهرووی خاك، زمان، كولتوور، مێژوو و شوناس، و گشت بنهماكانی پێناساندنی وهكو گهلێك ھەیە، بۆیه به ههموو پێوهرهكان مافی ههیه بڕیار بدات لهسهر چارهنووس و داهاتووی خۆی.
لە 25/9/2017، ریفراندۆمی خەڵکی کوردستان بەڕێوەچوو، تێیدا 4 ملیۆن و 561 هەزار و 255 کەس لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان مافی دەنگدانیان لە ریفراندۆم هەبوو، 3 ملیۆن و 305 هەزار و 925 کەس بەشداریان لەو راپرسیەدا کرد، لە ریفراندۆم 2 ملیۆن و 861 هەزار و 471 کەس بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا کە دەکاتە 93%.
نزیکەی یەك مانگ دوای ریفراندۆم بە هێرشی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران و بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر کەرکووک و داگیرکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی ریفراندۆمی هەڵپەسارد، هەرچەند ئەنجام و جێبەجێکردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بە شێوەی کاتی هەڵپەسێراون، بەڵام ریفراندۆم وەک یەکێک لە رووداوە گرنگە سیاسی و بەڵگەیەکی فەرمی و یاسایی و تاپۆیەکی گرنگی بزووتنەوەی نەتەوەیی و سەربەخۆخوازیی کوردستان سەلمێنەری ویست و داخوازی نەتەوەی کورد و گەلانی باشووری کوردستانە و لە مێژوودا تۆمار کراوە.