سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە کونسولی گشتی بەریتانیا دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە 25ـی ئەیلوولی 2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە رۆزی کەیڤ کونسولی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد کە بۆ ماڵئاوایی و بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی کردبوو.
سەرۆکی حکومەت وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندی لە مێژینە و دۆستانەی نێوان هەرێمی کورستان و بەریتانیا، سوپاسی کونسولی گشتی کرد کە لە ماوەی کارکردنیدا، کاری بۆ بەرەوپێشبردن و پتەوکردنی پەیوەندی دوولایەنە کردووە و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.
کونسولی گشتی بەریتانیا، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ کارئاسانی و هاوئاهەنگیکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسولخانەی وڵاتەکەی دەربڕی.