زكری مووسا: یوسف محەمەد رق و دەرفەت بۆ تۆڵەسەندنەوە لە بۆچوونەكانیدا زاڵە
زكری مووسا، نووسەر، دەڵێ: یوسف محەمەد باسی ساڵی 2017 و دەرهاوێشتەكانی دواتر دەكات و بە هیچ شێوەیەك بەلای رێكەوتی پێشووتردا ناچێت، باسی ئەوە ناكات، كە هەر لە تەمووزی 2014ـەوە پارلەمانی كوردستان (كە خۆی سەرۆكی بوو) دەستی بە ئامادەكارییەكان كرد، بۆ ئەوەی یاسای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان پەسەند بكرێت، ئەویش بە مەبەستی ئامادەكاری بۆ ڕیفراندۆم.
دەشڵێ: دەبوایە یوسف محەمەد راستگۆیانە دوابا و باسی كۆبوونەوەی 18ی ئایاری 2015ـشی كردبا، كە تێیدا سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان زۆر بەر لە ئەیلوولی 2017 باسی سەربەخۆیی كوردستانیان كردووە. كۆبوونەوەكە گرنگ و مێژوویی بوو، كۆبوونەوەكە دوای گەڕانەوەی سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری و دیداریان لەگەڵ سەرۆك ئۆباما ئەنجام درا. بەداخەوە كەمتر باس لە بڕیار و دەرئەنجامەكانی ئەو كۆبوونەوەیە كراوە، ئەگەر حیزبەكان پابەندی بڕیارەكانی كۆبوونەوەكە و ئەو بەڵێنانە بان، كە بە سەرۆك بارزانییان دا، بەدڵنیاییەوە پڕۆسەی ڕیفراندۆم زووتر بەڕێوە دەچوو، ڕەنگە ئێستا كوردستان لە دۆخێكی دیكەدا بوایە.
ئەو نووسەرە سەبارەت بە كۆبوونەوەكە و بابەتی كۆبوونەوەكە نووسیویەتی: بەشداربووانی كۆبوونەوەكە پێكهاتببون لە سەرۆك مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێم، كۆسرەت رەسووڵ، جێگری سەرۆكی هەرێم، یوسف محەمەد، سەرۆكی ئەوكاتی پەرلەمان، عومەری سەید عەلی، رێكخەری گشتیی ئێستای بزووتنەوەی گۆڕان، قوباد تاڵەبانی، جەلال جەوهەر، مستەفا سەید قادر، ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی، ئەمیری كۆمەڵ، سەرۆكی حیزبەكانی دیكە و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان، بابەتی كۆبوونەوەكەش برینی بوو لە تاوتوێكردنی سەردانی سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری بۆ ئەمەریكا و ئەورووپا و بابەتی سەربەخۆیی.
نووسەر سەبارەت بە گفتوگۆ و بیروبۆچوونەكانی ناو كۆبوونەوەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: ئەمیری كۆمەڵ گوتی، وەڵڵاهی جەنابی كاك مەسعود دیارە سەفەرێكی گرنگت كردووە و بە دەستێكی پڕ گەڕاویتەوە. ئەوە شتێكی زۆر باشە و بەرپرسیارێتیی گەورەی مێژووییە، ئایا جەنابت دەتوانی ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرن؟ سەرۆك بارزانی لە وەڵامدا گوتی، ڕاستە بەرپرسیارێتییەكە گەورەیە، بەڵێ ئامادەم هەڵی بگرم، بەڵام ئەگەر لەناوخۆدا تێكی نەدەن.
هەرچی سەبارەت بە بڕیارەكانی كۆبوونەوەكەیە، زكری مووسا نووسیویەتی: پێكهێنانی كۆمیتەی سەربەخۆیی لە كەسی یەكەم و دووەمی حزبەكان و دامەزراوەكانی هەرێم دەبێ، ئەم كۆمیتەیە كار بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەكات، كە بریتییە لە دانانی خشتەی زەمەنی بۆ سەربەخۆیی، یەكخستنی وتاری ڕاگەیاندن بۆ بابەتی سەربەخۆیی، نووسینەوەی دەستوور بۆ دەوڵەت، بەرگری و پێشمەرگە بۆ سەربەخۆیی، ئابووریی سەربەخۆیی و چەند ئەركی گرنگی دیكە.
سەبارەت بە هۆكاری ئەوە حیزبەكان نوێنەریان نەنارد، نووسەر دەڵێ: ”بڕیار درا بۆ ماوەی دوو هەفتە حیزبەكان نوێنەرانی خۆیان بۆ كۆمیتەكە دیاری بكەن، كەچی حیزبەكان بە حیزبەكەی یوسف محەمەدیشەوە نوێنەریان نەنارد و خەریكی بەرنامەی بیست و سێی حوزەیران بوون بۆ شكاندنی سەرۆك بارزانی و پارتی، هۆكاری پشتكردن لە بڕیارەكان و بەڵێنەكانی كۆبوونەوەی 18ـی 5ـی 2015یش ئەوە بوو، كە رێكخەری پێشووی گۆڕان و بەشێك لە یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی پێیان وابوو، سەرگرتنی سەربەخۆیی بە قازانجی بارزانی و پارتی تەواو دەبێت، بۆیە دەبێ لەبەرامبەریدا بوەستنەوە. ئەوان پێیان وابوو، لەم پڕۆسەیەدا دەبێ بارزانی ئاوت بكرێت. هەربۆیەش لەبری كاركردن بۆ بیركردنەوە و داڕشتنی بنەماكانی سەربەخۆیی و دەوڵەت، خەریكی نووسینەوەی چەند پڕۆژەیاسای سەرۆكایەتیی هەرێم بوون. یوسف محەمەد دەبوایە پێمان بڵێت بۆچی وایان كرد؟.
زكری مووسا سەبارەت بەو دژایەتییكردنە دەنووسێ: ئەم دژایەتیكردنە وای كرد ریفراندۆم دوو ساڵ و چوار مانگ دوابخرێت و كاتی زێڕین بەفیڕۆ بڕوات. ئەو كات هەموو پارسەنگە سیاسی و ئابووری و سەربازییەكان لە بەرژەوەندیی كوردستاندا بوون. بەداخەوە هەر لەسەرەتای پڕۆسەكەوە بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان كەوتنە ئەوەی پڕۆسە نیشتمانییەكە بچووك بكەنەوە و بە ململانێی كەسی و حیزبی ببەستەوە. ئەو كات هەرێمی كوردستان لە پێگەی هێزدا بوو، لە شەڕی داعشیشدا براوەی جەنگ بوو. هەرێمی كوردستان پێگەیەكی بەرزی لەناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هەبوو و دامەزراوەكانیشی پتەو بوون و لەڕووی ئابوورییشەوە سەربەخۆ بوو و گوشارەكانی بەغدا كاریگەریی لەسەر نەبوو. كاتێكی زێڕین و گونجاو بوو بۆ ئەوەی كوردستان بكەوێتە ناو پڕۆسەی سەربەخۆیی، بەڵام هەر ئەوانەی ئێستا قسە لەسەر كاتەكەی دەكەن و رەخنە لە ریفراندۆم دەگرن، لە ساڵی 2015 دا پڕۆسەكەیان لەبار برد.
زكری مووسا، نووسەر و ئاگادار لە كۆبوونەوە و بڕیارەكانی پرۆسەی ریفراندۆم، دەشنووسێ: بەشێكی دیكەی نەیارانی ڕیفراندۆم وای بۆ دەچن، كە ریفراندۆم پڕۆسەیەكی هەڵە بوو، چونكە نەیاران و داگیركارانی كوردستانی تووڕە و دڕتر كرد. نەیارانی كوردستان حەزیان لە سەربەخۆیی كوردستان نییە، بۆیە نەدەبوا ڕیفراندۆم ئەنجام درابا. پرسیاری جەوهەریی لێرەدا ئەوەیە، كەی نەیارانی كوردستان بە پڕۆسەی سەربەخۆیی ڕازی دەبن؟ وەڵامەكە: هیچ كات. بەشێك لە نەیارانی كوردستان تەنانەت نایانەوێت هەناسە بدەین. گرفتیان لەگەڵ قووت و بوون و شار و كووچە و كۆڵان و زمان و سەرجەم مافەكانمان هەیە. ئایا دەكرێ تاهەتایە لەبەر ئەوەی نەیار پێی ناخۆشە، ئێمە دەستبەرداری بوونمان بین؟.
دەشڵێ: بەشێكی دیكەی لێكدانەوەكان لەناو خودی كورد وای بۆ دەچن، كە یاسا نێودەوڵەتییەكان و بەرژەوەندیی وڵاتان هیچ كامێكیان لە بەرژەوەندیی كورددا نین. ئەمەیان ڕاستیی تێدایە، یاسای نێودەوڵەتی و بنەماكانی سیستەمی جیهانی بەشێوەیەك داڕێژڕاون، كە بواری بۆ گەلێكی شەست ملیۆنی نەهێشتووەتەوە مافە سەرەتایی و سروشتییەكانی خۆی پیادە بكات، بەڵام ئەوە هیچ كات بەو مانایە نایەت، كە ئێمە مافمان نییە، ئەو مافەمان هەیە، بەڵام نكۆڵی لێ كراوە و پێشێل بووە.