لاهور جه‌نگی هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی پێنجه‌م كۆنگره‌ی یه‌كێتی راگه‌یاند

 

هەڤاڵان و ئەندام و کادیر و لایەنگرانی دڵسۆزی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان و زیندانییانی سیاسی
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

دەمەوێت بۆ مێژوو هەڵوێستی خۆم لە بارەی بەستنی پێنجەم کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بخەمەڕوو.
ئاشکرایە سەرانی ئێستای یەکێتی بڕیاریانداوە بە ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی بەزۆر سەپێندراوی نایاسایی و ناپەیڕەوی و بە پێشلکردنی هەموو پرەنسیپ و رێکارە حیزبییەکان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەرەو لێکترازانێکی گەورە و هەژانێکی ناوخۆیی بەرن کە هەرگیزا و هەرگیز لە مێژووی یەکێتیدا کۆنگرەیەکی لەم جۆرە ئەنجام نەدراوە، کە ‌‌حیزبەکە بەرەو لەناوچوون و وێرانبوونی زیاتر بەرێت.

کۆنگرەیەک کە بێباکانە گوێ بە سەرکردە و خەباتی چەندین ساڵەی تێکۆشەرە ماندووەکانی نەدات و ئەزموون و پەرۆشییان بۆ داهاتووی حیزبەکە پەراوێز بخات، کۆنگرەیەک لە ئاست خواست و چاوەڕوانییەکانی کەسوکاری شەهیدان و زۆرینەی ئەندام و کادیرەکانیدا نەبێت و گوێ بە نیگەرانییەکانیان نەدات، کۆنگرەیەک کە کەسانێک بەڕێگەی ناشەرعی دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست و بیانەوێت مەرامەکانی خۆیان بەزۆر بسەپێنن و بە ویستی خۆیان و تاکڕەوانە ژمارەیەک ئەندامی دڵخوازی خۆیان لە لیستێکی چەند سەد کەسیدا پەلکێشی هۆڵی کۆنگرە بکەن بۆ چەپڵە لێدان، کۆنگرەیەک کە پێشوەختە هەڵسەنگاندنی هەلومەرجی دۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ نەکرابێت و هەناسەی ئازادی و دیموکراسی لەناو حیزبەکەدا بخنکێنێت و شەنوکەوی نەکردبێت بۆ ئەو شکستانەی کە بە کاریگەریی سیاسەتی هەڵە لە ماوەیەکی کەمدا رووبەڕووی بۆتەوە و دوو هەڵبژاردنی چارەنووسسازیشی لەبەردەمدا بێت، ئەنجامەکەشی روونە، کە چ ماڵوێرانییەک بەسەر ئەم ‌‌حیزبەدا دێنێت. تەنگەتاوبوون و ئەو پەلەپەلەش لەم کات و ساتەدا ئامانجەکەی تەنیا و تەنیا بۆ ئەوە بێت کە بەخەیاڵی خۆیان مافی یەکێتیبوون لە من و هەڤاڵەکانم و هەزاران هەڤاڵ و تێکۆشەر و ئەندامی یەکێتی وەربگرنەوە، بێ ئەوەی بیر لە لێکەوتە و زیان و مەترسییەکانی بکەنەوە.

هەڤاڵانی دڵسۆزی یەکێتی، ئێمە چاوەڕوانبووین لە دوای کەتن و کودەتاکەی 8ی تەمووزەوە، کودەتاچییەکان بەخۆیاندا بچنەوە و هەڵە گەورەکەیان راستبکەنەوە و چیتر ئەم ‌حیزبە تێکۆشەرە، پارچەپارچە نەکەن کە بەخوێنی زیاتر لە 20 هەزار شەهید و خەبات و تێکۆشانی دەیان هەزار پێشمەرگەی قارەمان و تێکۆشەران هاتۆتەدی، بەڵام بەداخەوە وا دیارە دەرسیان لە هەڵەکانی رابردوویان وەرنەگرتووە و بڕیاریانداوە کە بەردەوام بن لەو هەڵانەیان.

هەمووتان ئەو راستییە دەزانن کە لە دوای ئەنجامدانی کەتنەکەیان لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا کە جگە لەو تۆمەتە دروستکراو و بێبنەمایانەی کە بۆ رەوایەتیدان بە کودەتاکەیان ئاراستەی ئێمەیان کرد و سەرباری ئەوەی کە دەیان کاری نایاسایی و ناپەیڕەوی و ناحیزبییان بەرامبەر بە ئێمە و هەزاران کادر و تێکۆشەر و کەسوکاری شەهیدان ئەنجامدا، تەنانەت لەسەر بیروڕای جیاواز دەستیان چووە خوێنی چەند هەڤاڵێکی خۆیان و کەوتنە گرتن و ئازار و ئەشکەنجەدان و دەرکردن و نانبڕینی زۆرێک لە کادیر و ئەندامەکانی یەکێتی، کە بەمەش ناو و ناوبانگ و مێژووی یەکێتیشیان وەک حیزبێکی سۆشیال دیموکرات خستە ژێر پرسیارەوە، نەشیانتوانی ‌حیزبەکە لە ئاست خواست و چاوەڕوانییەکانی زۆرینەی یەکێتییەکان بەڕێوەبەرن، نەیانتوانی لە ئاست کێشە و قەیرانەکاندا رۆڵی مێژوویی یەکێتی وەک هێزێکی گەورە و یەکلاکەرەوە بۆ چارەسەری کێشەکان لەناو حکومەتدا لە بەرژەوەندی خەڵک پیشان بدەن، لە جیاتی راگرتنی هاوسەنگی لە پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و راستەقینە، خۆیان تەسلیمی ئەجێندای ئیقلیمی کرد و چەندین کاری ناپەسەندیان ئەنجامدا و لە ناوخۆشدا کەس نازانێ کێ دۆستە و کێ نەیار.

خۆشبەختانە ئێستا راستییەکان ئاشکرابوون و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەڤاڵانی دڵسۆزی یەکێتی بۆیان دەرکەوت کە ئامانج و مەرامەکانی ئێوە چی بوو، دەرکەوت کە بە چەواشەکاری و دروستکردنی هەندێک سیناریۆی داتاشراو و تۆمەتی بێبنەما و بە زەبری هێز و ترس و تۆقاندن و پەنابردنە بەر رێگای ناشەرعی هەوڵتاندا دەستبگرن بەسەر یەکێتیدا، هەموو هەوڵێكتان بۆ خۆدەوڵەمەندکردن و برسیکردنی کادیر و جەماوەر بوو، هەوڵی ئێوە بۆ خۆ بەهێزكردن و لاوازكردنی هەڤاڵان و تێكۆشەران و خەمخۆرانی یەكێتی و خودی یەكێتی بوو. دەرکەوت کە كێ ویستی یەكێتییەكەی کۆمەڵانی خەڵک دەستەمۆ بكات و دەنگی ئازادی تێدا کپ بکات بە كۆمەڵێك خەڵكی بەرژەوەندیخواز و دوورخستنەوەی دەنگە ئازا و دلێرەكان.

لە دوای 8ی تەمووزە یەک دەستکەوتمان پێبڵن کە بۆ یەکێتی و بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان تۆمارتان کردبێت، رۆژ بەڕۆژ شکستتان کردە گەردنی حیزبەکە، پاشەکشەی یەکێتی لە ئەنجامی دەنگەکانی و خراپی دۆخی هەرێم و دۆخی بازاڕ و سەرانەسەندن لە بازرگانەکان و دەستگرتن بەسەر داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان و بێ رۆڵکردنی دادگاکان و بەسەربازگەکردن و داگیرکردنی زەوییە گرانبەهاکان و هەڕاجکردنیان و دەیان چەوتی ترتان دەریخست کە خەڵکی کوردستان و کەسوکاری شەهیدان و یەکێتییەکان چەند لێتان نیگەران و تووڕەن، ئێستاش بەم کۆنگرەیە دەتانەوێت سەرکردایەتییەکی دەستەمۆ و گوێڕایەڵ دابمەزرێنن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا نەتوانن رەخنە لە شکست و هەڵەکانتان بگرن و لێپرسینەوەتان لەگەڵ بکەن و یەکێتی لە حیزبێکی دیموکراسیخوازەوە بکەن بە قەولی خۆیان بە حیزبێکی مەرکەزی و تەنیا قسەی یەک کەس جێبەجێ بکرێت، ئەمە لەناو یەکێتیدا نە جێگەی بۆتەوە و نە قبوڵکراویش بووە، دڵنیابن ئەمە تاسەر نابێت و لە داهاتوویەکی نزیکدا بەقورسی باجی ئەو هەڵانەتان دەدەن كە بەرامبەر بە شکاندنی کەرامەتی سیاسی كادیر و سەركردە و خوێنی شەهیدانی ئەم حیزبە دەیکەن.

برادەرانی ئازیز، بە بیرتان دەهێنمەوە کە ئەگەر مێژووی یەکێتیتان خوێندبێتەوە دەزانن کە بەم کۆنگرەیە حیزبەکە بە تەواوی دادەبڕن لە مێژووەکەی خۆی و بەها گرنگەكانی دیموكراسی و ئازادی و بنەما نەگۆڕەكانی ژیانی حیزبایەتی كە یەكێتی لەسەر دامەزرابوو، ئەم كۆنگرەیە، دابڕاندنی یەکێتییەکانە لە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی مام جەلال، کە کاریگەری بەسەر یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە هەبوو، ئەم یەکێتییە حیزبێكی دیكە دەبێت كە لەسەر بەرئەنجامی کودەتا و سەپاندنی ئیرادەی گرووپێكی دیاریكراو بنیات دەنرێت.

هەڤاڵانم
لە سەرەتای کەتنەکەی 8ی تەمووزەوە تا ئەمڕۆ، هەمووتان پرسیاری ئەوەتان لادروست بووە کە لاهور بۆ هیچ هەڵوێست و پەرچەکرداری نییە لە ئاست ئەو هەموو کارە قێزەونە، چونکە ئێمە بەڵێنمان بەخۆمان و خوێنی شەهیدان و رۆحی مام دابوو کە یەکێتی لەسەر دەستی ئێمە تووشی لێکترازان نەبێت، دانبەخۆداگرتن و بێدەنگیمان بۆ ئەوەبوو کە لەسەر پۆست و دەسەڵات خوێن لە پەنجەی هیچ کەسێک نەیەت، تەنانەت بەشدارینەکردنیشمان لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە پێناو کورد و رەچاوکردنی دۆخی یەکێتی و دابەشنەبوونی دەنگەکان بوو لە شاری کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان، دەمانویست رۆژگار راستییەکان بۆ هەموولایەک بسەلمێنێت و رووی راستەقینەی کودەتاچییەکانیش دەرکەوێت، ویستمان دەرفەتێک بدەینە کوڕەکانی مام جەلال، هەوڵماندا کە بە دڵێکی گەورەوە لێخۆشبوونمان هەبێت بەرامبەر کودەتاچییەکان و پێکەوە بەگیانێکی هەڤاڵانە یەکێتی بەهێز بکەینەوە و پایەکانی بۆ دروست بکەینەوە و لەو پارچە پارچەبوونە رزگاری بکەین و بیخەینەوە سەر شاڕێی ژیانی حیزبایەتی خۆی، کە وەک چۆن لە رابردوودا لەگەڵ هەڤاڵەکانمان هەوڵماندا رۆڵ بگێڕینەوە بۆ ئەندام و کادیر و ئۆرگانەکان و ئەنجومەنی سەرکردایەتیشمان کردبوو بە ناوەندی بڕیاردان، بەڵام دەرکەوت کە ئەوان مەبەستیانە لە دوای بەستنی ئەم کۆنگرەیەوە یەکێتی توشی لێكترازانی گەورەی ناوخۆیی بکەن و حیزبەکە بە تەواوی بکەن بە موڵکی تاکە کەسێک.
هەڤاڵان ئەوەی دەگوزەرێت لە ئێستادا لە نێوخۆی یەكێتی و هەرێمیش كوڕەكانی مام جەلال لێی بەرپرسن كە بانگەشەی چاكسازییان دەکرد، بەڵام ئێستا خۆتان دەیبینن، بەویژدانەوە بڕیاربدەن کە چییان لە یەكێتی كردووە، رۆژ نییە یەكێتی تووشی شكستی سیاسی و دیبلۆماسی و دیموكراسی نەكرێت.

خۆشەویستانم
من و هەڤاڵەکانم کە پەرۆش و خەباتگێڕی رێگا راستەکەی یەکێتین، بە داخێکی زۆرەوە لەم دۆخە نامۆیە دەڕوانین کە بەسەر یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا سەپێنراوە، بە دیدی ئێمە یەکێتی بەر لەوەی حیزبێک بێت بکرێتە موڵکی کەسێک و خێزانێک حیزبی شەهیدان و کۆمەڵانی خەڵک و هەموو یەکێتییەکانە، یەکێتی بەرلەوەی حیزبیش بێت فیکر و ئامانجی باڵای تێکۆشانە بۆ ماف و ئازادییە گشتییەکانی گەلی کوردستان، بە داخەوەین کە لە ئێستادا لە هەموو ئەو بەهایانە داماڵراوە و گرووپێک ئامانجەکانیان بەلاڕێدا بردووە و لە حیزبێکی کاریگەرەوە کردوویانە بەدامەزراوەیەک بۆ پاراستنی بەرژەوەندی کەمینەیەکی مشەخۆر، کردوویانە بە گیرفانێکی گەورەی بەرژەوەندی.
ئێمە لە پرۆسەی سیاسی دانابڕێین و بەردەوام دەبین تا بەدیهێنانی ئامانجە سەرەکییەکانمان، هەڵگری شاڕێگاکەی یەکێتی گەل و پاراستنی ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەی دەبین.
دەمەوێت لێرەوە سوپاسی هەموو ئەو هەڤاڵانە بکەم کە ماوەی ئەم دوو ساڵە دانیان بەخۆیاندا گرت و پێشێلکردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتییان پێ قبووڵنەکرا و دژی ئەو ناهەقییە وەستانەوە و تەسلیمی پۆست و ئیمتیازات نەبوون، سوپاسی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و هەموو ئەو خەڵکە تێکۆشەرە و فەرماندە و پێشمەرگە قارەمان و ئەندامانی ناو هێزە ئەمنییەکان دەکەم کە هەمووکات ئامادەبوون خۆبەخشانە پشتیوانیمان بکەن.
جێی خۆیەتی سوپاسی کاک مەلا بەختیار و هەڤاڵانی هاوڕێی بکەم لە ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، کە بە پەرۆشن بۆ یەکێتی و وەک بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی خۆیان، بێدەنگ نەبوون لە ئاست مەترسییەکان و دید و روانین و چاوەڕوانی خۆیان بۆ شکستەکانی یەکێتی لەسەر دەستی ئەم گرووپەی ئێستای یەکێتی و دوای بەستنی ئەم شانۆگەرییەی کۆنگرە خستەروو.
هەر بۆیە لێرە بەدواوە ئێمە خاوەنی بڕیاری خۆمانین و درێژە بە کاری سیاسی خۆمان دەدەین لەسەر بنەمای پرەنسیپە نەگۆڕەکانمان کە خۆی لە ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین و دادپەروەری دەبینێتەوە، ئێمە ئاواتمان بەوە نەدەخواست بگەینە ئەم رۆژە و یەكێتی بەم جۆرە ببینین، بەڵام ئۆباڵی کارکردنمان لە دەرەوەی یەکێتی دوای کۆنگرەی پێنجەم دەکەوێتە ئەستۆی ئەوانەی کە دوو ساڵە لە جیاتی ڕێکخستنەوەی ناوماڵی یەکێتی و پێکەوە کارکردن، مەشغوڵبوون بە بێدەنگی و سێبەری ئێمەوە، ئۆباڵی ئەو لێکترازانەش هەڵناگرین و بەرپرسیارێتی مێژوویی شکستی ئەم یەکێتییە لە ئەستۆی ئەوانەیە کە یەکێتییان بەم رۆژە گەیاند.
مێژوو شاهیدە و دەیسەلمێنێت كێ ئەم دۆخەی خوڵقاند، دەشبێت شان بدەنە بەر دەرئەنجامەكانی هەر شكست و دۆڕان و ماڵوێرانییەك كە لە ئایندەدا لە نێو یەكێتی رووبدات.
دەبێت ئەوانەشی بەشداری پێکراون ئاگاداربن کە دەبنە بەشێک لە لاوازکردنی یەکێتی کە لەداهاتوودا چاوەڕوان دەکرێت و بەکاردەهێنرێن بۆ ئەو مەرامە و بەرپرسیارێتییەکی گەورە و مێژووییش دەکەوێتە سەر شانیان.
دڵنیاتان دەکەمەوە کە بە بەرگێکی نوێ و بە شێوازێکی سەردەمیانە یەکێتییەکی راستەقینەی گەل دووبارە دێتەوە مەیدان، ئەو یەکێتییەی کە ئێستا ناو و ناونیشانەكەی بە زۆر و بە زەبری هێز زەوتكراوە، بەڵام لەڕاستیدا وەك فیكر و فەلسەفە هەر زیندووە و بەمزووانە چەكەرە دەكاتەوە و ئەو مەشخەڵەی لە سەرەتای شۆڕشی نوێوە هەڵگیرساوە کە شەوەزەنگی نا ئومێدییان رووناک کردەوە، دڵنیابن هەڤاڵەکانتان درێژە بە هەمان رێگا و رێباز دەدەن.
کوردستانیانی خۆشەویست، هەڤاڵانی دڵسۆز..
دەمەوێت پێتان ر ابگەیەنم وەک یەکەم هەنگاومان بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پارلەمانی کوردستان دەکەین و لیستێکی گەل پەسەند رادەگەیەنین کە خۆی دەبینێتەوە لە بەرەیەکی فراوانی رزگاری نیشتمانی بە بەشداری سەرجەم دەنگە ئازا و دلێر و ناڕازییەکانی خەڵکی کوردستان لەناوەوە و دەرەوەی یەکێتی بۆ رزگاربوون لەم دۆخە ناهەمووار و قەیرانە قووڵانەی کە بەرۆکی هاووڵاتییانی گرتووە، بەرەیەک کە دەنگ و رەنگی سەرجەم ئەوانە دەبێت، کە خواستی گۆڕانکاری و چاکسازی راستەقینەیان هەیە لە سەرجەم جومگەکانی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان، دەنگی هەموو ئەوانە دەبێت کە تینووی ژیانێكی باشتر و ئازادی و عەدالەتی كۆمەڵایەتین، ئەوانەی شەیدای سەروەری یاسان بە نەفەسێكی نوێوە و بەدیدگای نوێوە خۆمان یەكدەخەین و یەكدەگرین و ئەزموونێكی نوێی دیموكراسی دەكەین.
ئێمە لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ باشکردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و گەڕانەوەی شکۆ بۆ تاکی کورد شان دەدەینە بەر ئەم ئەرکە قورسە و هەموو تواناکان لەو پێناوەدا دەخەینەگەڕ.
دەمەوێت لە کۆتایی ئەم پەیامەدا ئاماژە بە دۆخی ناهەموواری هەرێمی کوردستان و ئەو مەترسییانە بکەم کە رووبەڕووی هەرێمەکەمان بۆتەوە، بەداخێکی زۆرەوە دۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و مووچەخۆرانیش لەوپەڕی خراپیدایە و گەنجەکانمان بە تەواوی نا ئومێدبوون لەوەی کە ژیانێکی ئارام و شایستە و ئاسۆیەکی روونیان هەبێت لەم هەرێمەدا.
کە بەش بەحاڵی خۆم پێم وایە جگە لە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی تر یەکێتی پشکی شێری بەردەکەوێت لەم دۆخە نەخوازراوەی لە ئارادایە لەسەر دەستی ئەو کەسانەی کە تاکڕەوانە لەناو حکومەت و لەناو حیزب بڕیار دەدەن و هیچ دنیابینییەکیان نییە بۆ سیاسەتکردن. بۆیە یەکێک لە ئەرکە لە پێشینەکانمان راستکردنەوەی ئەو بارە لارە دەبێت کە هێناویانەتە کایەوە، کارکردن دەبێت بۆ رێکخستنەوەی ناوماڵی کورد و پێکەوە کارکردن دەبێت لەگەڵ سەرجەم کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان تا هەرێمەکەمان لەم قەیرانانە رزگار بکەین و ژیانێکی شەرەفمەندانە و شایستە و خۆشگوزەران و یەکسان بۆ هاووڵاتییان دابین بکەین.
هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتوو بن.
لاهور شێخ جەنگی
٢٦ی ٩ی ٢٠٢٣

 

Back to top button