د. مەغدید سەپان: ئەوانەی لە کۆنگرەی 5دا بەشدارن دەبێت ئارەقەی شەرمەزاری دایانبگرێ
د. مەغدید سەپان، مامۆستای بەشی راگەیاندنی كۆلێژی ئاداب، لە زانكۆی سەڵاحەدین، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (فەیسبووک) لەبارەی کۆنگرەی 5ی یەکێتییەوە بڵاوی کردووەتەوە: “بڕیارە بەیانی 27ی ئەیلوول یەکێتی کۆنگرەی 5ی ببەستی، لەو کەشوهەوا نائارامەی ناو حیزب و هەرێم، تەنیا یەک مەبەست لەپشت بەستنیەوە هەیە، ئەویش بەشەرعیدانی کودەتای تەمووزی 2021 و خۆسەپاندنی بەزۆری کوڕەکانی مام جەلالە، بەسەر حیزب و ئۆرگانەکانی یەکێتی لەکاتێکدا، ئەگەر مام جەلال خۆی لەژیان مابا، رەزامەندی ئەویان قەت بۆ بەستنی کۆنگرە بۆ وەرنەدەگیرا.”
هەروەها نووسیویەتی: “خەڵک دەزانێ، بەستنی ئەو کۆنگرەیە، بۆ لێدان و لادانی هەندێ هەڤاڵی تێکۆشەری یەکێتییە، بۆ ئەوەی لە حیزب دووریان بخەنەوە خۆشیان، شەوان ئارامتر بخەون و کەسیش نەوێری، لێپێچینەوەیان لەسەر پشکی نەوت و گومرگ و داهاتی ناوخۆ و وێرانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی پارتەکانی دیکە کوردستان لەگەڵ بکات.”
ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئەوەشی خستووەتە روو: “هەموو ئەوانەی لەو کۆنگرەیە بەشدارن، لەجیاتی شانازیکردن بە ئەندامێتی خۆیان لە کۆنگرە، دەبێت ئارەقەی شەرمەزاری دایانبگرێ، چونکە لەگەڵ دەست بڵندکردنی ئەوان، ئیمزا لەسەر توندڕەوی و تاکڕەوی لەناو حیزب دەکرێ، لەگەڵ دەنگدانی ئەوان، کەشوهەوایەکی توندتری سیاسی و ئابووری و ئیداری بەرهەم دێ، هەروەها دەنگدانی ئەوان، رازیبوونە بەوەی، لاپەڕەیەکی تازە هەڵبدرێتەوە و لەو لاپەڕە تازەیەش، خەبات و تێکۆشانی مام و هەڤاڵانی سفرکراوەتەوە، خانەوادەی شەهید هیچی نەماوە شانازی پێوەبکات و پێشمەرگە و تێکۆشەرانی دێرینیش تێدەگەن، رەنجیان بەلاش رۆیی.”
جەختیشی کردووەتەوە: “لە راستیدا، من هیچ شتێکی هاوبەشم، لەگەڵ ئەو حیزبە “یەکێتی” و سەرکردایەتی ئەو حیزبە تازەیە نەماوە، ئەوەی من بەدرێژایی ژیانم خەباتم بۆیدەکرد، ئێستا پێچەوانەکەی دەبینم بۆیە، هەموو پەیوەندییەکی خۆم لەگەڵ ئەو حیزبە دەپچڕێنم و زیاتر ئەندامی یەکێتی نیم، باوەڕیش ناکەم، بەو سەرکردایەتییە خۆسەپێن و ئاشقەی پول و کورسی و دەسەڵات، هیچ بۆ کورد و کوردستانیان بکرێ، جگە لەوەی ژیانیان ناخۆشتر و ئاڵۆزتر دەکەن و داهاتووشیان تاریکتر دەکەن.”