مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە ئێزگەی دەنگی کوردستان دەكات
ئەمڕۆ چوارشەممە مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیامێكی پیرۆزبایی بۆ شەستەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان بڵاوكردەوە.
لە پەیامەكەی مەسرور بارزانیدا هاتووە: “بەڕێزان بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبردن و کارمەندانی ئێزگەی دەنگی کوردستان، بەبۆنەی (60)مین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم و هیوای پێشکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم.”
جێگری سەرۆكی پارتی هەروەها دەڵێ: “ئێزگەی دەنگی کوردستان، مێژوویەکی دوور و درێژ و پڕ لە شانازی و سەروەری لە داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان هەیە و دەنگی رەسەن و راستەقینە و بڵندگۆ و سەکۆیەکی راستگۆ و زوڵاڵی شۆڕش و پێشمەرگە قارەمانەکان و خەڵکی کوردستان و سەرجەم ئازادایخوازان بووە. هەروەها قوتابخانەیەکیش بوو بۆ پێگەیاندنی دەیان راگەیاندنکار و کادیر و سەرکردەی بەتوانا.”
مەسرور بارزانی لە كۆتایی پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە: “لەم بۆنەیەدا، بە رێز و پێزانینەوە یادی هەموو ئەو خەباتکار و تێکۆشەرانە دەکەینەوە کە لە قۆناخە جیاوازەکاندا لەم سەکۆیەدا خزمەتیان کردووە. دەستخۆشیتان لێ دەکەم و هيوای پێشکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.”