مەسرور بارزانی پرسەنامەیەکی بڵاو کردەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرسەنامەیەکی بۆ کۆچی دوایی، حەلیمە تەقیپوور، لێکۆڵەر و مێژوونووسی کوردی خوراسان، بڵاوکردەوە و هاوخەمی خۆی بۆ بنەماڵە وئازیزانی دەردەبڕێت و بەتایبەتی بۆ هاوژینی کۆچکردوو، نووسەر و لێکۆڵەری ناسراوی کورد مامۆستا کەلیموڵڵا تەوەحوودی.

دەقی پرسەنامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

بەداخەوە، هەواڵی کۆچی دوایی خاتوو حەلیمە تەقیپوور، لێکۆڵەر و مێژوونووسی کوردی خوراسان-م بیست. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و ئازیزانی، بەتایبەتی هاوژینە بەڕێزەکەی، نووسەر و لێکۆڵەری ناسراوی کورد مامۆستا کەلیموڵڵا تەوەحوودی دەکەم و هاوبەشی خەمیانم .

خوالێخۆشبوو خاتوو حەلیمە تەقیپوور و مامۆستا کەلیموڵڵا، خزمەتێکی زۆریان بە کولتووری کوردی و بە تایبەتی پەرەپێدان و زیندووڕاگرتنی مێژوو و فەرهەنگی کوردی خوراسان کردووە. خوای مەزن گیانی خوالێخۆشبوو بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە هەمووان ببەخشێت.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

Back to top button