بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى پارێزگای هەولێر روونكردنەوەیەكی بۆ راى گشتی بڵاو كردەوە

لە روونکردنەوەیەکدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسى پارێزگای هەولێر بۆ راى گشتى بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاندووە، ” لە کاتێکدا کە ژمارەیەکى زۆرى هاوڵاتییانى شارى هەولێرى پایتەخت بە چالاکی و شێوازی جیاواز لەو ڕۆژە پیرۆزەدا خۆشەویستی خۆیان بۆ پێغەمبەری ئیسلام دەردەبڕى لە نێو سەنتەرى شار، لە هەمانکاتدا کۆمەڵێک گەنج لە سەر قەڵاتى هەولێر بە ئەنجامدانى چەند کردار و رەفتارێکى ناشایستە هاووڵاتییانیان ناڕەحەت و بێزارکردبووە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ئەو بارودۆخە و ئیجرائات وەرگرتن لەگەڵ ئەو گەنجانە، پۆلیس رەوانەى شوێنەکە کران، بەڵام بەداخەوە لەلایەن یەکێک لە پۆلیسەکان بەشێوازێکى ناشایستە پەلامارى یەکێک لە گەنجەکان درا”.

لە روونکردنەوەکەدا هەروەها هاتووە، “لە بەرامبەر ئەو رەفتارە نابەجێیە ئەفسەرێک و ئەو پۆلیسە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمانەوە دەستبەسەرکراون و لیژنەى لێکۆڵینەوەیان لە سەر پێکهێنراوە و بەپێى یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت”.

بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی لەسەر ئەوەشکردووەتەوە، هاووڵاتییان و هاوشاریانى خۆشەویستى شارەکەمان دڵنیا دەکەینەوە هیچ کەسێک لە سەرووى یاساوە نییە.

Back to top button