عەلی سیرینی: سەرۆک بارزانی لە 2017 شمشێرێكی مێژوویی دا لە بڕیاری دونیا و، گشت جیهان گوێی لە گرمەی بوو و رۆحی كورد سەركەوت.
ریفراندۆمی 2017 لە نێوان كوردێكی مێژوویی و جیهان
عەلی سیرینی:
لەم رۆژانە یادی گشتڕاپرسیی ( ریفراندۆم ) تێدەپەڕێت، كە ساڵی 2017 لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ كرا. بێگومان رووداوێكی جیهانی گەورە بوو، لە رووداوە هەرە گرنگەكانی مێژووی كوردیشە.
لە میانی ریڕەوی تەكامولبوونی نەتەوەیی (بە تەعبیری شاعیری مەزنمان ئەحمەدی خانی)، ریفراندۆم ململانێ و مشتومڕی زۆری لە نێو كورد و غەیرە كورد هێنایە كایەوە. لێرەدا باس لە كاكڵەو لوتكەی ئەم رووداوە دەكەم. ئەگەر ئەحمەدی خانی لەم سەردەمەی ئێمە ژیا بوا، بێگومان، ئەو بارە قوڕسەی خستبویە سەر شانی “گەر دێ هەبویا مە پادشاهەك”، تەرازوێكی هونەریی و ئەدەبیی دادەنا، بۆ ئەوەی قووڵتر تێڕوانینەكەی دەرببڕێت. بێگومان، ئەوكات، خانی لە تەك “گەر دێ هەبویا مە پادشاهەك” دەینوسی “گەر دێ هەبویا مە میللەتێكی تەبا و هاریكار و هۆشمەند و وشیار و لێزان و بە سەلیقە”. كەواتە هەموو بارە قوڕسەكە ناخرێتە سەر شانی پادشاهێك، بێت، سەروژێری باروزروفی گەلی كورد بگۆڕێت، ئەمەیان تێڕوانینێكی ئەفسوناویی سحراوییە. چونكە نەبوونی پادشاهێك لە نێو كورد، دەگەڕێتەوە بۆ خودی ئەم پێكهاتەیە كە باروزروفی تایبەت بە خۆی هەیە، بەربەستە لە بەردەم دروستبوونی ئەم جۆرە پادشاهە، خانی تا لە حەیفیدا مرد، هەر خەونی پێوە دەبینی. ساڵی 2017، ئەوەی پادشاهێك پێویستە بە ئەنجامی بگەیەنێت بۆ سەرەوەریی نەتەوەیەك، كوردێكی مێژوویی ئەمەی بە زیادەوە بە ئەنجام گەیاند.
كاتێك نەتەوەیەك روو بە رووی كێشە چارەنوسەكان دەبێتەوە، لە میانی هەڵوێستیان لە ئاست ئەم كێشانە، دەزانرێت ئایا ئاستی ئەم نەتەوەیە بەرزە یان نزم، ئایا وەك نەتەوە هەڵسوكەوت دەكات یان وەك پێكهاتەیەكی دواكەوتوو و دژوار و دابڕاو لە داخوازیە هەنوكەییەكان. لە نێو میللەتە پێشكەوتووەكان، ئەوانەی بازنەی تەكامولبوونیان تەواوە، مەسەلە گەورە و چارەنوسەكانیان (وەكو ئازادیی و سەربەخۆیی و سەروەریی) ناكەونە ژێر باری دانوستان و سازان تا دەست لە مافەكانیان هەڵبگرن. لە 25ی ئەیلولی 2017، دەربڕینێكی مێژوویی هەرە مەزنی سەروەریی كورد هاتە ئاراوە. ئەم دەربڕینە، ئەو خوێنە بوو كە هەمیشە لە نێو بازنەی تەكامولبوونی نەتەوەیی دەسوڕێتەوە، چەندین جار لە رووداو و پێچە مێژووییەكان دەركەوتووە. ریفراندۆمی ساڵی 2017، مەترسیترین دیداری كورد بوو لە گەڵ مان و نەمانی ئەم دەربڕینە و ئەو خوێنەی سەدان ساڵە لە نێو بازنەی تەكامولبوونی كورد دەسوڕێتەوە. مەترسیەكەش ئەوە بوو، زۆرینەی دونیا ویستیان ئەم دەربڕینە كپ بكەن، ئەم خوێنە بەند بكەن لە سوڕانەوە و گورزی هەرە كوشندە لە ڕۆحی تەكامولبوونی كورد بدەن. بەڵام كوردێك، زۆر سەرسەختانە و سەركێشانە، بووە بەرجەستەی ئەو ڕۆح و وزەیەی لە نێو میرات و مێژوو و تەسەووف و خەبات و سەركردە و زانا و شاعیری كورد كەڵەكەی كردووە، لە چركەساتێكی مێژوویی بەرامبەر بە جیهان تەقاندیەوە، ویستی ئەم رۆحەی سەرخست و بەردەوامیشی دا بە سوڕانەوەی خوێنەكە لە نێو بازنەی تەكامولبوونی كورد. لەوێدا، زۆرێك لە زلهێزەكانی دونیا و ناوچەكە، دەستیان لە یەك دەخشاند، بە هیوای ئەوەی ئەو سەركێشیی و سەرسەختیەی كورد ببەزێنن، ویست و بڕیاری كورد بشكێنن. هیوایەكی زۆریان تا دوا چركە هەبوو، كە ئەو كوردە مێژووییە لە ژێر فشار و پاڵەپەستۆی زۆری ئابڵوقەی ئابوریی و سیاسیی و تەنانەت مەترسیی لە ناوچوونی قەوارەی هەرێمیش، بڕیاری هەڵوەشانەوەی گشتڕاپرسیی بدات، ئەوانیش بە خۆشییەوە ئاوێكی سار بە سەر كورد دا بكەن. بەڵام ئەو كوردە مێژووییە، بە شێوازێكی زۆر ئەفسوناویی و موستەحیلانە، بڕیاری جیهانی شكاند و ئاوە ساردەكەی لە دەست ستاندن و كردی بە سەر خۆیاندا. ئەو كوردە مێژووییە مەسعود بارزانی بوو. كاتێك ئەمە روویدا، بووە مایەی سەرسامیی و مەدهۆشی وڵاتان و سیاسەتمەداران و كەناڵەكانی راگەیاندن و رۆشنبیران و تێكڕای خەڵك. چونكە لە خەیاڵی كەس نەبوو، لە كاتێكدا هەرچی وڵات و سەركردەی جیهان هەیە، بەرامبەر بە بڕیاری تێكڕای دونیا (بە تایبەتیی دونیای زلهێزەكان) چۆكی داداوە و ملی كەچە، چۆن پێشبینی ئەوە بكرێت، سەركردەی هەرێمێكی بچوكی ناو وڵاتێكی خاپوری وەك عێڕاق، بتوانێت بڕیاری وڵاتانی ناوچەكە و ئاغاكانیان (زلهێزەكان) بشكێنێت. ئەمە لە عەقڵی خەڵكی دونیا دوور بوو. لە بەر ئەمە، زۆرینەی خەڵك، هەندێكیشیان كوردی داماو و خامۆشی خۆمان، گرەویان لە سەر ئەوە بوو لە دوا چركەدا بارزانی بڕیاری هەڵوەشانەوەی ڕیفراندۆم بدات، بۆ ئەوەی تا ئەبەد كورد سەری شۆڕ بێت. ئەم حاڵەتە سەرنجی زۆر كەسی راكێشا. یەكێك لەوانە سەرۆكی بەرپرسی پێشووی سی ئای ئەی لە ئاسیا و پاسیفیك، كە لەوتارێكدا باسی سەركێشیی و سەرسەختیی مەسعود بارزانی كرد. كابرا بە شان و باڵی بارزانی هەڵنەدەدا، بەڵكو وەك نەیارێك ئەم وتارەی نوسیبوو، بەڵام لە ناواخنی وتارەكەدا، نەیتوانیبوو ئەو هەیبەتە مەزنەی بارزانی بە سەر دونیا فەڕزی كرد، بیشارێتەوە. نوسەرێكی توركیش، بە سەرسامییەوە، یەك دوو رۆژ پێش ریفراندۆم، لە وتارێكدا پرسیاری كرد “نازانم چۆن بارزانی بەم تەمەنەوە بەرگەی ئەم هەموو فشار و چاوسوركردنەوەی وڵاتانی ناوچەكە و جیهان دەگرێت”. بەڵێ، ئەو كوردە مێژووییە، بە ئیرادەیەكیی پۆڵایینەوە بەرگەی هەموو فشار و هێز و بەربەستەكانی گرت، ڕۆحی كوردی سەرخست كە خانی و شاعیرانی تری مەزنی ئێمە بە فرمێسكەكانیان تۆماریان كردووە، لە ئاهوهەناسەی شێخ و زانایانی عیرفان و خوێنی هەزاران سەركردە و پێشمەرگە، لە دێرین زەمانەوە تا ئێستا، خۆی نواندووە، بڕیاری ڕیفراندۆمیش بەرجەستەی كرد.
گرنگیی ریفراندۆم ئا لێرە بوو كە ئەژنۆی كورد نەشكا، رۆحە مێژووییەكەی خامۆش نەبوو، ویست و ئامانجی دێرینی خاپور نەبوو و وزەی بوونی نەمرد. ئێمەی كوردی ئەم سەردەمە، بە مەسعود بارزانیشەوە، رۆژێك دێت ئەم دونیایە جێدەهێڵین و نامێنین. بۆ بەرژەوەندی شەخسیی و حزبیی و سیاسیی و دەستكەوتی دونیا، وا باشتر بوو بارزانی ریسك بە ژیانی خۆی و بنەماڵە و دەستەڵاتەكەی نەكات. بەڵام ئەم كوردە مێژووییە، شەقێكی لەمە هەمووی هەڵدا و تاك و تەراك بە سواری ئەسپێكی سەركێش دای لە مەیدانی رووبەڕو بوونەوەی هەموو جیهان، شمشێرێكی مێژوویی دا لە بڕیاری دونیا و گشت جیهان گوێی لە گرمەی بوو و ڕۆحی كورد سەركەوت. ئەگەر بە پێچەوانەوە بوایە، ریفراندۆم نەكرابا، تا ئەبەد نەوە لە دوای نەوەی كورد شەرمەزار دەبوو، هەمان ئەم وڵاتانەی جیهان لە رێگای نوسەر و دیپڵۆماتكاری درۆزن و ساختەچیی خۆیان دەهاتن ئەمەیان بە گوێی كورد دەدا، كە میللەتی كورد هۆشیاریی نەتەوەیی نیە و رۆحی چەتەیی و خێڵەكیی بە سەریاندا زاڵە و بۆ دەستكەوتی بچوك ئامانجی گەورەی نەتەوە دەكەنە قوربانیی.
ئێستاش گاڵتەیان بە كورد و پرسە نەتەوەییەكەی دەكرد. بەڵام بارزانی تا ئەبەد تۆپەقوڕێكی گەورەی لە دەمیان دا، بۆمبەكەی لە دەستی خۆیان تەقاندەوە. تا ئەبەدیش سەروەریی و شانازیی بۆ نەوەی كورد تۆمار كرد. سڵاوی هەمیشەیی لەم كوردە مێژووییە.