روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 30ی ئەیلولی 2023، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەنجامدانی نەشتەرگەری و پڕوپاگەندەی چەند پەیجێکی سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

روونکردنەوەیەک بۆ هاووڵاتیانی خۆشەویست..

بەداخەوە چەند پەیجێکی سۆشیاڵ میدیا بابەتێکیان بڵاوکردووەتەوە گوایە وەزارەتی تەندروستی رێگرە لە ئەنجامدانی چەند نەشتەرگەریەک بەبێ ئەوەی بڕیارەکە بخوێننەوە یان رای فەرمی وەزارەت وەربگرن.

بۆ ئەم مەبەستە تەواوی ئەو تۆمەت و پڕوپاگەندانە رەتدەکەینەوە و رایدەگەیەنین کەوا راگرتنی نەشتەرگەری دوورە لە راستی و تەنها شێواندنی راستیەکانە بۆ مەرامی چەند بەرژەوەندخوازێک.

راستیەکەی بەمەبەستی رێگەگرتن لە دیاردەیەکی نایاسایی کە لە چەند نەخۆشخانەیەک و فریاکەوتن سەرپێچی دەکرا لەلایەن چەند کەسێک کەوا نەخۆش ناچار دەکرا بە کڕینی پێداویستی نەشتەرگەری و دیاردەی کڕین و فڕۆشتن لەناو نەخۆشخانەی حکومی لەگەڵ هاووڵاتییان بکەن بەبێ هیچ رێکارێک و رەزامەندی فەرمی.

وەزارەتی تەندروستی بڕیاری قەدەغەکردنی ئەو سەرپێچیەی داوە و رێگە دەگرێت لە بەرژەوەندی کڕین و فرۆشتنی پێداویستی بە نایاسایی کە بێنە ناو نەخۆشخانەی حکومی و بیفرۆشن بە هاووڵاتییان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی تایبەتی مانگانەی تەرخانکردووە و پێویست ناکات نەخۆش خۆی دابینی بکات، لێرەوە وەزارەتی تەندروستی جەخت لە دابینکردنی پێداویستیەکان دەکاتەوە لەسەر ئەرکی حکومەت نەوەک پێشێلکردنی مافی نەخۆش و کڕینی لەلایەن هاووڵاتییانەوە.

لەهەمان کاتدا جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەنجامدانی سەرجەم نەشتەرگەریەکان لە کەرتی گشتی و نەخۆشخانەی حکومی. دیاردەی ناچارکردنی نەخۆش و ناردنی بۆ نەخۆشخانەی ئەهلی قەدەغەیە و سەرپێچیکاران رووبەڕووی یاسا دەبنەوە.

بە پێویستمان زانی بەرچاوڕوونی و دەقی بڕیارەکە بڵاوبکەینەوە و بە هاووڵاتییانی خۆشەویست رابگەیەنین کە باسی قەدەغەکردنی هیچ نەشتەرگەریەک نەکراوە بەڵکو ئەو بڕیارە لە دژی بەرژەوەندی کەسانێکە کەوا سەرپێچی دەکەن و پارە لە هاووڵاتییان وەردەگرن بۆ فرۆشتنی پێداویستی  نەشتەرگەری لەناو نەخۆشخانە لەهەمان کاتدا لە سۆشیاڵ میدیا هەوڵ دەدەن بۆ مەرامی بابەتەکە بشێوێنن.

وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
30 ئەیلول 2023

 

 

Back to top button