حکومەتی هەرێم ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سلێمانی جێبەجێ دەکات
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی بڕی زیاتر لە 241 ملیۆن دینار دەدات بۆ جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژە لە پارێزگای سلێمانی.
لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بەپێی چەند فەرمانێكی وەزاری، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رەزامەندی نیشاندا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی (241 ملیۆن 595 هەزار و 780 دینار) بۆ جێبەجێكردنی ژمارەیەک پڕۆژە لە سێكتەرەكانی شارەوانی و ئاو لە سنووری سلێمانی و دەوروبەری.
راشیگەیاند: ئەو گوژمەیە لەسەر داهاتی شارەوانی و ئاوە لە سنووری سەرۆكایەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی و دەوروبەری بەمەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەكانی دروستكردنی شەمعەی ئاو لە ناوچەی قڕگە، راكێشانی بۆریی ئاو بۆ چەند كۆڵانێكی گەڕەكی تانجەڕۆ، چاككردنەوەی شكاوی بۆری لە گەڕەكەكانی قەزای شارەزوور، كاری چاكسازیی كڕاندنی قیر لە شاری سلێمانی، راكێشانی بۆریی ئاو لە گەڕەكی زەرگەتە و چارەسەركردنی پیسبوونی ئاو، راكێشانی بۆریی ئاو لە گەڕەكی فەرمانبەران.
ئاماژەی بەوەش دراوە:” ئەو گوژمەیە بەپێی یاسا و رێنماییەكانی دارایی بەپێی پلانی پرۆژەكانی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ساڵی 2023 خەرج دەكرێت.