دژایەتی بافڵ تاڵەبانی لەناو یەکێتی دەستیپێکرد و، ئەنجامی كۆنگرەی یەكێتی رەتكرایەوە
لە بەیاننامەیەکدا ناوەندی وەستانەوەی ناوك وەك گرووپێكی ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هەڵوێستی لەسەر ئەنجامی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی راگەیاند و دەڵێن: چیتر ئەو یەكێتییە دیموكراتخواز و نیشتمانپەروەرە نییە.
لە بەیاننامەکەی ناوەندی وەستانەوەی ناوك کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاو کراوەتەوە تێدا هاتووە، شانۆگەری كۆنگرەی پێنجی یەكێتی رەت دەكەینەوە، چونكە هەلومەرج و شێوازی دانان و دەستنیشانكردنی ئەندامانی كۆنگرەی پێنج كە هیچ بنەمایەكی دیموكراسییانە و ئازادیی خۆكاندیدكردن و ئازادیی دەنگدانی تیا بەدی نەكرا، رێگریكردن لە سەتان تێكۆشەر و كەسوكاری شەهید و خاوەنی راستەقینەی یەكێتی لە هاتنە ناو كۆنگرە.
دەشڵێن، ئەگەرچی ژمارەیەكی بەرچاو لەو هەڤاڵانەی هەڵگری فیكر و هەڵوێستی ناوەندی وەستانەوەی یەكێتین، سەركەوتن بۆ سەركردایەتی، بەڵام بەداخەوە بەشێوەیەكی گشتی پێدراوەكانی ناو كۆنگرە، سەلماندیان یەكێتی پاشەكشەیەكی جەوهەری و بنەڕەتی كردووە لەو بنەمایان پێشتر لەسەری دامەزرابوو و هەزاران شەهیدیش خوێنیان بۆ رشت، وەك هەڵبژاردن و مافی خۆكاندیدكردن بۆ سەركردایەتی و ئۆرگانە جیاوازەكان، مافی رەخنەگرتن و هەڵوێست وەرگرتن و داڕشتنی پێڕەو و پرۆگرامێكی تۆكمە و سەردەمیانە كە دەستووری بەڕێوەبردنی حزبن.
ناوەندەکە باسیان لەوەشکردووە:” یەكێتی نوێی ئەمساڵ، چیتر ئەو یەكێتییە دیموكراتخوازە و نیشتمانپەروەرە نییە كە زیاتر لە چوار دەیەیە لەسەری دەڕوا و خەڵك بۆ ئامانجە دیموكراسی و نەتەوەییەكان دەهاتنە ریزیەوە، ئێستە حیزبەكە بەتەواوەتی دەستەمۆ بووە لە دەستی چەند كەسانێك كە دوای رووخانی رژێمی سەدام لە 2003ەوە، لە خۆشییەكانی بەریتانیا و ئەورووپا گەڕاونەتەوە كوردستان و وەك كۆمپانیایەكی كەڵەكەكردن و كۆكردنەوەی سامانی ناشەرعی لەسەر حیسابی برسیكردنی میلەت، حیزبەكە بەكار دەهێنن.
لە بەیاننامەکەیان داوا لە سەرجەم تێكۆشەران و نیشتمانپەروەران و سیاسەتمەداران و دیموكراسیخوازانی ناو حزبەكە دەكەن هەرچی زووە هەوڵەكانیان یەكبخەن بۆ راستكردنەوەی هەڵە ستراتیجییەكانی ناو حیزبەكە و هێنانەوەی حیزبەكە بۆ سەر شانۆی نیشتمانپەروەری و تێكۆشان و پاككردنەوەی سەركردایەتییەكەی لە كۆنە بەعسی و سیخوڕ و گەندەڵكاران و خەڵكی ناشایستە و نامۆ بە یەكێتی.