بەهمەن كاك عەبدوڵڵا بۆ یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ و نەوەی نوێ: هەنارەكەی هەڵەبجەش تەسلیم بكەن
دوای ئەوەی شەوی رابردوو، ناوەڕۆكی یاداشتێك بڵاو كرایەوە كە یوسف كیلابی، ئەندامی دژەكوردی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و هەریەك لە فراكسیۆنەكانی (یەكێتی، یەكگرتوو، كۆمەڵ و نەوەی نوێ) واژۆیان لەسەر كردبوو و تیایدا بە چاوپۆشیكردن لەو زوڵمەی چەندان مانگە حكومەتی فیدڕاڵی بەرامبەر بە مووچەخۆرانی كوردستان دەیكات، داوایان كردبوو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بگوازرێتەوە سەر حكومەتی فیدڕاڵی.
لە بەرامبەردا بەهمەن كاك عەبدوڵڵا، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان نووسینێكی بڵاوكردەوە و تیایدا داوای لەو چوار فراكسیۆنە كرد، ”هەڵەبجە نەوتی نییە، بەس خوا هەڵناگرێت هەناری شازی هەیە، بە برا عەرەبەکانتان بڵێن وەرن هەناری هەڵەبجە و گوێزی هەورامان ببەن، دار بە داریان تەسلیم بکەن.“
هەروەك جەختی كردەوە: ”ئێوە بوون لە 16ی ئۆکتۆبەر راتان کرد بۆ بەغدا و گوتتان ئێمە خزمەتکارین و هەموو خەتای پارتی بوو، ئاڵا تاڵەبانی سەرقافڵەتان ئەوکات هاتە سەر شاشە و گوتی بەغدا مووچەی سلێمانی دەنێرێت، دواتر رووتان رەش بوو.“
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی كوردستان بەبیر چوار فراكسیۆنەكەی هێناوەتەوە: ”هەر ئێوە بوون ئیمزاتان کۆکردەوە و بردتانە پەرلەمانی عێراق و وەک ئێستا کردتان بە هەڵڵا گوایە خراوەتە بەرنامەی کارەوە و تەواو مووچەی فەرمانبەران دەخرێتە سەر بەغدای حەبیبتان، دیسان رووتان رەش بوو. هەر ئێوە بوون گوتتان بەس نەوت تەسلیم بکەن هەموو مانگێك مووچە دەدرێت، ئەوە نەوتیش تەسلیم کرا و هەم رووتان رەش بوو.“
بەهمەن كاك عەبدوڵا ڕاشكاوانە دەڵێت: ”ئێستا بۆ سڕینەوەی عارەقەی شەرمەزاریتان و سپیکردنەوەی ڕووی ڕەشتان، ئەم درۆ نوێیەتان داهێناوە گوایە دوای دوو پەرلەمانتاری حەشدی شەعبی کەوتوون و مووچەی فەرمانبەران دەخریتە سەر بەغدا.“
هاوكات هۆشداری پێ داون و پێیان دەڵێت: ”دواتر نەیەن درۆ بکەن بڵێن بەغدا لەبەر زۆری بندیوار نەیکرد! کاکە هەنگاوی یەکەم هی ئەو زۆنەی خۆتان بخەنە سەر بەغدا با دواتر هەولێر و دهۆکیش چاو لە ئێوە بکەن یان پارتی عیلاجێکیان لێ بکات!“
هەر لە نووسینەكەیدا، ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو دەپرسێت: ”ئێوە 20 ساڵە، بیست هەزار جار بوونە چاوشۆڕ و جاش بۆ بەغدا و هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستانتان دا، هەر بە شەرمەزاری مانەوە و هیچتان دەست نەکەوت، بەس نەبوو؟ دەی دار هەنار و دارگوێزەکانیشیان بدەنێ، بزانن چی دەبیت!“
لە بەشێكی دیكەشدا نووسیویەتی: ”ئەوە باشترین بەڵگەیە كە ئەم حزبانە هیچیان بە تەما نین رۆژێك لە رۆژان حوکمی ئەم هەرێمە بکەن و خۆیان بە خاوەنی ئەم هەرێمە نازانن، دەیانەوێت نەمێنێت و هەندێك فەوجی خەفیفەیان بۆ بکەنەوە، بۆیە وا دەكەن، ئەی داڕزێن بۆ پاش ناوەکەتان کە کوردستانی پێوەیە!“
لە كۆتاییشدا جەختی كردۆتەوە كە لە بەختی پارتییە كە ”نەیارەکانی ئاوا پێش هەڵبژاردن، بە دەستی خۆیان، لە پێش چاوی خەڵك خۆیان ریسوا دەكەن.“