مەریوان قەرەنی: جارێكی تر یوسف كیلابی گۆڵی لە یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ و نەوەی نوێ كرد
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، هەر چوار فراكسیۆنی یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ و نەوەی نوێ، واژوویان لەسەر یاداشتێك كردووە گوایە بەغدا راستەوخۆ مووچەی هەرێمی كوردستان رەوانە بكات، ئەمە تەنیا گاڵتەكردنە بەهەست و سۆزی خەڵكی كوردستان و گۆڵێكی تری یوسف كیلابییە لەو چوار حزبە، هاكا بینیمان لەڕێی ڤیدیۆیەك گۆڵەكە تۆمار دەكات.
مەریوان قەرەنی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە وەڵامێکدا کە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە رایگەیاندووە، دوێنێ بە هاوئاهەنگیی نێوان گرووپێك بە ناوی (مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی) كە بەداخەوە گرووپێكی سیاسین و لەلایەن یەكێتییەوە بە ئامانجی سیاسی ئاراستە دەكرێن، لەگەڵ ئەندامێكی پێشووی كوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ناوی (غالب محەمەد) كە لە سەردەمی پەرلەمانتارییەكەی خۆیدا، بەداخەوە دەرچوو هێندەی نوێنەری شۆڤێنییە عەرەبەكانە دژی كوردستان، هێندە نوێنەری خەڵكی ستەمدیدەی هەرێمەكەی خۆی نییە لەگەڵ یوسف كیلابی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، كە هەموومان ئەویشمان بینی چۆن پاش تێپەڕاندنی یاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق، ڤیدیۆی بڵاو دەكردەوە و دەیگوت گۆڵمان لە هەرێمی كوردستان و حیزبەكان كردووە.
راشیگەیاندووە، ئەم سێ لایەنە یاداشتێكیان نووسیوە و یوسف كیلابی واژووی لەسەر كردووە، دواتریش هەریەك لە فراكسیۆنەكانی (یەكێتی، یەكگرتوو، كۆمەڵ و نەوەی نوێ)ش واژوویان لەسەر ئەو یاداشتە كردووە، لە یاداشتەكەدا بە رووكەش داوا دەكرێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بخرێتەوە سەر بەغدا و گوایە داوایان كردووە لە رێی كارتی زیرەك یان بانكەكانەوە مووچەكانیان دابەش بكرێت، بەڵام ناوەڕۆكی ئەم داواكارییە و ئامانجەكانی پشتی، تەنیا گاڵتەكردنە بە هەست و سۆزی گەلی كوردستان و گۆڵێكی تری یوسف كیلابییە كە لەو چوار فراكسیۆنە كوردستانییەی كردووە لە ئەنجامی نەزانی و بێ ئاگایی ئەو فراكسیۆنانە، هاكا بینیمان چەند سەعاتێكی تر یوسف كیلابی ڤیدیۆی ئەو گۆڵەشی تۆمار كرد و بۆ چوار فراكسیۆنەكەی بڵاو كردەوە.
قەرەنی دەشڵێت، گەلی كوردستان زۆرباش دەزانن بەغدا نەك مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان راستەوخۆ دابەش ناكات، بەڵكو ئامادە نییە ئەو بڕە پارەیەش بنێرێت كە زۆر كەمترە لە مووچەی فەرمانبەران، چونكە لە بنەمادا ئەوان هاووڵاتییانی كوردستان بە هاووڵاتیی پلە یەكی عێراق نازانن و وەك جاران لە روانگەیەكی شۆڤێنییەوە سەیری گەلی كوردستان دەكەن، خۆ هەموومان ئەو بەڵێنانەمان بینی كە لە رۆژانی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری برادەرانی یەكێتی و فرۆشتنی كەركووكدا، چۆن ئاڵا تاڵەبانییەكەی سەرۆكی ئەوسای فراكسیۆنی یەكێتی دەیگوت، یەك دوو هەفتەی تر مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی لە بەغداوە دەنێرێت، ئەرێ گەلی ئازیزی كوردستان تەنانەت یەك مووچەخۆریش مووچەكەی خۆی بەشێوەی راستەوخۆ وەرگرت گەلی ئێمە ماندووە، چەندان ساڵە لە قەیراندایە و سیاسەتی دوژمنكارانەی دەسەڵاتدارانی عێراق لەلایەك و سیاسەتی خۆفرۆشیی هەندێك حیزب و لایەنی ناوخۆیی لەلایەكی تر، وایانكردووە نەتوانرێت ئەو قەیرانانە لە ماوەی نزیكەی 10 ساڵی رابردوودا بە تەواوی تێپەڕێنرێت، بۆیە شایانی ئەوە نییە بە بەڵێنی درۆوە تووشی نائومێدی بكرێت.
روونیشی كردەوە، فراكسیۆنەكانی یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ و نەوەی نوێ، خۆیان زۆرباش دەزانن بەغدا ئامادە نییە مووچەی یەك مووچەخۆریش بخاتە ئەستۆی خۆی و راستەوخۆ بیدات، هەموومان بینیمان چۆن سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی گوتی لە بودجەدا شتێك نییە بە ناوی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان، ئیتر تا كەی درۆ لەگەڵ گەلی كوردستان دەكەن، بۆیە لێرەوە داوا لەو چوار حیزبە دەكەم، واز لەو موزایەدە و هەڵسوكەوتە هەرزانە بێنن كە بە دڵی یوسف كیلابی و مستەفا سەنەد و ئەمسالەكانین و دواتریش هەر ئەوانە گاڵتەیان پێ دەكەن، بەڵكو بگەڕێنەوە بۆ رێ و رێبازی كوردایەتی و لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، پشتیوانی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن و بە یەكڕیزی و تەبایی، پێداگری لە وەرگرتنی تەواوی مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن، ئەگەرنا مێژوو رەحم بە كەس ناكات و وەك رووداوەكانی رابردوو، سەرشۆڕییان بۆ دەمێنێتەوە و ناچار دەبن درۆ و دەلەسە وەك بڕوبیانوو بێننەوە تا رووی رەشیان لە بەرچاوی خەڵك سپی بكەنەوە.