مەسرور بارزانی پێشوازی لە دەیڤد بێرگەر هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئۆکتۆبەری 2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە دەیڤد بێرگەر هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و شاندی یاوەری.
لە دیدارێکدا دوایین پێشهات و بارودۆخی گشتی عێراق و گرنگی دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکی بە زووترین کات.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، جەخت لە پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا کرایەوە.
هەروەها هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی ئاگرکەوتنەوەکەی بەخدێدا (حەمدانییە) و ستایشتی دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی کرد.