دژە تیرۆری کوردستان: هێشتا تۆمەتبارانی تیرۆرکردنی هاوکار جاف لە بەردەم دادوەر ئامادەنەبوونە
ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر شەهیدکردنی هاوکار جاف لەلایەن یەکێتی تێپەڕ دەبێت، و دژەتیرۆری کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.
لە راگەیاندراوێکدا کە لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە، دژە تیرۆری کوردستان لە ساڵیادی شەهیدکردنی عەقید هاوکار جاف رایگەیاند، ” ساڵێک بەر لە ئەمڕۆ لە رێکەوتی 7ی ئۆکتۆبەری 2022، عەقید هاوکار عەبدوڵڵا، ئەفسەری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا شەهید کرا، هاوکات هاوسەر و دوو منداڵەکەی و خوشکێکیشی لەو کردەوەیەدا بریندار بوون.
دژە تیرۆری کوردستان دەشڵێت:” سەرەڕای ئاشکراکردنی تۆمەتبارانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە، هێشتا تۆمەتباران لە بەردەم دادوەردا ئامادە نەبوونە. ئەم بێباکییەی لایەنی پەیوەندیدار لە رادەستنەکردنی تۆمەتباران بە یاسا، رێخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامیدان بە ترس و تۆقاندن و تیرۆر لەژێر ناوی دەزگا ئەمنییەکاندا.