لێدوانی نوێی وەزارەتی دارایی لەبارەی مووچە و داهاتەکان و دابەشکردنی مووچە
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی لەبارەی تەرخانکردنی پارە بۆ مووچە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: بەشێکی زۆری داهاتمان بۆ مووچە بەکارهێناوە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا دابەشکردنی مووچەی لەسەر شان نییە، بەڵکو کۆمەڵێک خەرجی لەسەر شانە.
دەشڵێت:” مانگی رابردوو پارە هاتووە و بڕیارە ئەم مانگەیش لەنێوان 20-25ی مانگ پارە بنێردرێت و، بە گەیشتنی ئەو پارەیەش، دەست بە ئامادەکارییەکان دەکەین و مووچەی مانگی ئاب دابەش دەکەین، تاوەکو رادەیەک بەرچاوڕوونیمان هەیە کە مانگی داهاتووش ئەم قەرزە لە وادەی خۆی دێت، بۆ ئەم دوو مانگە بەرچاوڕوونیمان هەیە کە ئەم قەرزەش لە وادەی خۆیدا دێت و مووچەی دوو مانگی داهاتوو چۆن دابەش دەکەین، دوای ئەوەش لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر هێڵ دەبین.”
هاوکات د. هاورێ کەمال راوێژکاری وەزارەتی دارایییش لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکە گوتی: “هەندێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن کە باسی داهات دەکەن راستییەکە ناڵێن، باسی 320 ملیار دەکەن، ناڵێن ئەو بڕە هەمووی بە کاش نایەت، هەندێکی بۆ وەزارەتەکانە، هەندێک بۆ خزمەتگوزاریی و هەندێکی دیکەی بۆ پێشینەکانە، بۆیە بڕێکی کەمی لێ دەمێنێتەوە،
گوتیشی :” ئێمە باوەڕمان بە شەفافیەتە و هەفتەی داهاتوو تەواوی داهاتەکان بە ژمارە رادەگەیەنین، هەروەها داهاتی شەش مانگی رابردوو رایدەگەینین و ئەو بڕە پارەیەش دەیدەین بە حکومەتی فیدراڵی ژمارەکە دەخەینەڕوو”.