فرۆشتنی سیم کارتی بێ مۆڵەت بەهەموو شێوەیەک قەدەغە دەکرێت

ئەمڕۆ یەکشەممە 2023.10.8، پارێزگارى هەولێر لەگەڵ لایەنە تەناهییە پەیوەندارەکان کۆبووەوە کە؟تایبەت بوو بە دانانی میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێمى کوردستان تایبەت بە رێکخستنی میکانیزمی فرۆشتنی “سیم کارت” لە لایەن کۆمپانیاکانی بواری گەیاندن لە ھەرێمی کوردستان و نەھێشتنی دیارەی فرۆشتنی سیم کارتی بێ مۆڵەت لە بازاڕەکان، کە گەلێک جار دەبێتە سەرچاوەی ھەڕەشە و تاوان لە ھاووڵاتیان.
لە کۆبوونەوەکەدا، جگە لە بەردەوامیدان بە پڕۆسەى دەستبەسەرداگرتن و رێگەنەدان بە فرۆشتنى سیمکارتى بێ مۆڵەت لە سنوورى سەرجەم قائیمقامیەتەکانى پارێزگاى هەولێر، کۆبوونەوە بڕیاریدا:-
یەکەم/ فرۆشتنى سیمکارتى بێ مۆڵەت بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
دووەم/ لە ئەمڕۆوە 2023.10.8، کڕین و فرۆشتنى سیمکارتى بێ مۆڵەت ڕادەگیرێت و سەرجەم ئەو شوێن و دوکان و جێگا و کەسانەى کە کارى فرۆشتنى سیمکارت دەکەن، یەک مانگ مؤلەتییان دەدرێت تا 2023.11.8، دەست بکەن بە مامەڵەى وەرگرتنى بریکارنامەى کۆمپانیاکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پەیوەندی”مۆبایل و ئینتەرنێت” و مۆڵەتى وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەو ماوەیەشدا هەر شوێن و دوکان و جێگایەک و کەسێک سیمکارتى بێ مۆڵەت بفرۆشێت، لە لایەن لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتەکان، شوێنەکەى دادەخرێت و دەست بەسەر سەرجەم سیم کارتەکانى دادەگیرێت.

Back to top button