مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق دەکات

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 10/9 مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ كريستيانه‌ هۆمان باڵيۆزى نوێى ئه‌ڵمانيا له‌ عێراق و شاندێكى ياوه‌رى كرد.

سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی لە باڵیۆز کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست. سەرۆکی حکومەت هەروەها سوپاسی هاوکاریی و پشتیوانیی ئەڵمانیای لە هەرێمی کوردستان کرد.

تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی ڕێزگرتن لە سیستەمیی فیدراڵی و پاراستنی مافەکانی گەلی کوردستان و گشت پيکهاتەکان لە چوارچێوەی دەستووردا.

باڵیۆزی ئەڵمانیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی، بەتایبەتی لە بوارەکانی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا.

Back to top button