سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە سەرۆکی رەوتی نیشتمانی حیکمە دەکات
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 10/9، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەممار ئەلحەکیم سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانی حیکمە کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی عێراق و ناوچەکە و پێویستی و گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا.
سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە ئەگەر نیازپاکی هەبێت چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان سەخت نین. دووپاتیشی کردەوە کە پێویستە وەکو قەوارەیەکی دەستووری و فیدراڵی و لە چوارچێوەی دەستووردا، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.
سەرۆکی رەوتی نیشتمانی حیکمە، ئاماژەی بەوە دا کە سەردانی ئەم دواییەی سەرۆکی حکومەت بۆ بەغدا، رۆڵێکی گرنگ و ئەرێنی لە روونکردنەوەی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدرال هەبوو، گوتیشی ئێستا دەرفەتێکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆ و بەهێزکردنی متمانە و لەسەر بنەمای رێککەوتنەکان و دەستوور هەیە.