17 ئەم مانگە وردبینی لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێم تەواو دەبێت و هیچ بیانووێک بۆ بەغدا نامێنێتەوە
محەمەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، بە فەرمی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی عێراق دەستمان بەو پرۆسەیە کردووە کە بگەیەنە ئەو راستیەی کە چەند فەرمانبەر، لە گرێبەست و میلاک لە هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها بەغدا دەیانەوێت بزانن کۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چەندە.
راشیگەیاند، دیوانی چاودێری عێراق لە ساڵانی 2018، 2019 ،2020 و 2021 هاتوونە بۆ هەرێمی کوردستان وردبینیان لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردووە و هەموو داتاکانیان لەلایە.
دەشڵێت: لە 17ـی 10 راپۆرتی وردبینیەکە تەواو دەبێت کە لیژنەی دیوانی چاودێری عێراق و هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر دەکەن، هەردوولا ئەم کارە لەسەر داوای ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەنجامدەدەن، دوای تەواوبوونی وردبینی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هیچ بیانووێک بۆ حکومەتی عێراق نامێنێتەوە کە مووچە نەنێرێت.