رێبەر ئەحمەد: ئاوارەکان بە بڕیار نەهاتوونەتە هەرێمی کوردستان تا بە بڕیار بگەڕێنەوە
ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەکان لە ناوەندیی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان JCC ئەمڕۆ سێشەممە کرایەوە.
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لە گرنگی کردنەوەی ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەکان کرد و گوتی: “ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەکان، لەگەڵ وەزارەتی ئەڵمان لە رێگەی رێکخراوی THWی ئەڵمانی و ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ کراوەتەوە، دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر و کارمەندانی JCC دەکەم کە لەو ماوەیەدا توانیویانە هەماهەنگیییەکی باش لەناوخۆ و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دروست بکەن، بەتایبەتی رێکخراوی THW کە پەیوەستە بە وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، کردنەوەی ئەم ژووری ئۆپەراسیۆنە هەنگاوێکی پێشکەوتووە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی پێشکەوتوودا بێت لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانە دەستکرد و سرووشتییەکان، ئەم ژوورە ئیش لەسەر ئەوە دەکات کە هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی پێشوەختە هەبێت بۆ ئەو کارەسات و قەیران و مەترسیانەی لە داهاتوودا دروست دەبن، هەروەها لە دەرئەنجامی ئەوەشدا بتوانن لە داهاتوودا سیستەمی ئاگادارکردنەوەی هەرێمی کوردستان بەهێز بکرێت، هەم دامەزراوەکانی حکومەت هەمیش هاووڵاتییان ئاگادار بکەنەوە لە ئەگەری هەر کارەسات و قەیرانێک، بۆ ئەوەی خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوە و مامەڵەکردن لەگەڵی ئامادە بکەن، هەروەها لەکاتی رووداوی هەر قەیرانێک دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانن پێکەوە لە ژووری ئۆپەراسیۆن هەماهەنگی بکەن، لە هەمانکاتدا بتوانین زیانی قەیران و کارەساتەکان کەم بکرێتەوە”.
گوتیشی: “ئیشی ئەو ژوورە لەسەر بنەمای هەماهەنگی و کاری هاوبەشە لەنێوان دامەزراوەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، ئەمڕۆ نوێنەری 15 وەزارەت و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەبنە ئەندام لە ژووری ئۆپەراسیۆنی هەرێمی کوردستان، بەیەکەوە هەڵسەنگاندن، رووبەڕووبوونەوە، ئیدارەکردن، وەڵامدانەوەی قەیران و چارەسەری ئاسەواری قەیرانەکان دەکرێت، لە هەمانکاتدا هەڵدەستن بە هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت، هەروەها هاوکاری هاووڵاتییان لەکاتی روودانی هەر قەیران و کارەساتێک، کە رەنگە زۆر لە هاووڵاتییان بیانەوێت خۆبەخشانە هاوکاری دامەزراوەکانی حکومەت بکەن، بۆ ئەمە لە JCC پێشوەختە لەگەڵ رێکخراوی THW ناوەندێکی راهێنانی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان دروستکراوە بۆ راهێنانی خۆبەخشەکان، واتە کەسێک کە بیەوێت هاوکاری حکومەت بکات دەبێ راهێنرابێت، خۆبەخشەکان راهێنانیان پێدەکرێت و دواتر دەخرێنە ناو سیستەم لە چوارچێوەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان”.
راشیگەیاند: “ئەزمونێکی زۆر باشمان هەیە لە بابەتی خۆبەخشەکان و سیستەمی کاری خۆبەخشی لە هەرێمی کوردستان پێشڤەچوونی باشی بەخۆوە بینیوە، لە رابردوودا رووبەڕووی چەندین کارەسات و قەیران بووینەتەوە، هەمیشە رێنمایی و ئاراستەکانی سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی، ئەوەبووە کە پێویستە هەماهەنگی باش لەنێوان دامەزراوەکانی حکومەت هەبێت، زۆرجاریش سەرۆکی حکومەت خۆی بەشدار دەبێت لەگەڵ پارێزگار و دامەزراوەکانی حکومەت، بۆ ئیدارەکردنی قەیران و کارەساتەکان و نەهێشتنی ئاسەوارەکانیان، کە ئەمە پاڵپشتییەکی زۆر گەورەیە کە جەنابیان لەگەڵمانە، لەم پڕۆژەیەدا پاڵپشتێکی سەرەکیمان دەبێت، هیوادارم ئەم کاری هاوبەشە لەنێوان JCC و THW بەردەوامی هەبێت و بچێتە ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و بە هەمان سیستەم لە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دروست بکرێن”.
ئەوەشی خستەڕوو: “JCC لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوە ناوخۆییەکان بەتایبەتی دەزگای خێرخوازی بارزانی توانیویانە رووبەڕووی قەیرانەکان ببنەوە، وەکچۆن لە رابردوودا لەکاتی هاتنی بە لێشاوی ئاوارە و پەنابەران ئێمە رووبەڕووی قەیرانێکی دارایی گەورە و بڕینی بودجە و مووچەی بووینەوە، رووبەڕووی شەڕی داعش بووینەوە، لەوکاتە کە بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان بڕدرا، زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی روویان کردە هەرێمی کوردستان، ئەمەش بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و نەبوونی دڵنیایی بوو، خەڵک لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق روویان کردە هەرێمی کوردستان، بڕیاری حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەوەبوو بەهانای خەڵکەوە بچن، بەشێکی ئاوارەکان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەڵام تائێستاش نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن”.
راشیگەیاند: “هەندێک جار گوێمان لە لێدوانی سەیر و سەمەرەی بەرپرسانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەبێت، نابەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ بابەتی پەنابەر و ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، جێگەی پرسیارە هاووڵاتییەکی عێراقی پێی خۆشە لەژێر خێوەتێکدا بژیت لە هەرێمی کوردستان نەک بگەڕێتەوە شاری خۆی، ئەوە بڕیاری خۆیانە ئێمە دەیانخەینە سەرچاوی خۆمان ئەگەر نانێکمان هەبێت دەیکەین بە دوو لەت لەگەڵ هەموو ئەوانەی پێویستیانە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی و حکومەتەکەی بە پابەند دەزانێت بۆ ئەوەی هاوکاری هەموو لێقەوماوان بکات، بەردەوامیش دەبین لەو هاوکاریانە، ئەگەر پلانێکیش هەیە بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە ئێمە پاڵپشتی سەرەکی بووینە و لیژنەمان دروستکردووە بۆ ئەوەی هاوکاری ئاوارەکان بکەین، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بەڵام زۆرجار لە بەغدا بەتایبەتی وەزارەتەکانی کۆچ و کۆچبەران و ناوخۆی عێراق تۆمەت ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، حکومەتی فیدراڵ هەمیشە وەک بابەتێکی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ پرسی ئاوارە و پەنابەران کردووە، نەک وەک پرسێکی مرۆیی، داوا لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین بەردەوام بن لە هاوکاریکردنی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی کە ئێستا دەچینە ناو وەرزی سەرما و سۆڵە، دەتوانن سەردانی کەمپەکان بکەن و دەرگای کەمپەکان کراوەیە، هەفتانە بەرپرسانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بۆ سەردان و کات بەسەربردن دێنە هەرێمی کوردستان، بەڵام لەجیاتی ئەوە با سەردانی کەمپەکان بکەن”.
رێبەر ئەحمەد جەختیکردەوە: “ئیمە بە ئەرکی مرۆیی و نێشتمانی خۆمان هەستاوین و دەرگامان بۆ ئاوارە و پەنابەران کردووەتەوە و بەردەوامیش دەبین، هیچ روانگەیەکی سیاسیشمان بۆ ئەو بابەتە نییە”.
سەبارەت بە رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، وەزیری ناوخۆ گوتی: “تائێستا هیچ بڕگەیەک لە رێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە”.
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ داخستنی کەمپەکانی ئاوارەکان، ئاماژەی بەوەدا: “ئاوارەکان بە بڕیار نەهاتوونەتە هەرێمی کوردستان تا بە بڕیار بگەڕێنەوە، بەڵکو بە ئارەزووی خۆیان بڕیاریانداوە لە ناوچەکانی خۆیان لە ترس و دڵەڕاوکێدا نەژین، بێن لە هەرێمی کوردستان لە کەشوهەوایەکی ئارام بژین ئەگەر مەرجەکانی ژیانیش وەک پێویست نەبن، بۆیە ئەمە ئەرکی حکومەت نییە بڕیار بدات کەمپەکان کەم بکەنەوە یان دایان بخات، ئەمە بڕیاری خەڵکە لێرە دەمێننەوە یان دەگەڕێنەوە”