سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەكات

رۆژی سێشەممە 10ی تشرینی یەكەمی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ستیڤن هیچن باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق سەرسامیی خۆی بە پێكەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتە ئایینی و نەوتەوەییەكان لە كوردستان نیشان دا و، ستایشی ئەو فەرهەنگە مێژووییەی پێكەوەژیانی كرد كە لە كوردستاندا بووەتە هۆی رەخسانی كەشێكی لەبار بۆ بوونی ڕەنگ و فرەیی ئایینی و نەتەوەیی و رۆڵی سەرۆك بارزانی لە بەرگریكردن لە مافی پێكهاتەكان و پاراستنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و قووڵتركردنەوەی بەرز نرخاند. هەر پەیوەست بەم باسەوە سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە كولتووری پێكەوەژیان لەناو خەڵكی كوردستاندا رەگوڕیشەی دێرین و مێژوویی هەیە و گەلی كوردستان بە رووی فرەیی و بیروڕای ئایینیدا هەمیشە كراوە و ئازاد بووە و ئەوە بۆ میللەتەكەمان كولتوورێكی دەوڵەمەندە و جێگەی شانازییەكی زۆرە.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی رۆشنایی خستەسەر قۆناغە جیاجیاكانی مێژووی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ و دەستوور و رێككەوتنە سیاسییەكان و ئەوەی دووپاتكردەوە كە لەگەڵ حكومەتی عێراقی و سەرۆك وەزیران سودانی هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دەستوور و لە رێگەی دیالۆگ و لێكتێگەیشتنەوە كێشەكان چارەسەر بكرێت.

لە بەشێكی تری ئەو دانیشتنەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و پێشهاتە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا.

Back to top button