سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە ژمارەیەک له‌ راوێژکارانى سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی ئۆکتۆبەری 2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژمارەیەک لە راوێژکارانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرد.

لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکومەت کورتەیەکی له‌بارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و کێشە و ناکۆکییەکانی هەردوولا و رێگەی چارەسەرکردنیان لەسەر بنەمای دەستوور و رێککەوتنەکان خستەڕوو.

سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە کە لە دوای رووخانی رژێمی بەعس، هەرێمی کوردستان، بەشدارییەکی کارا و کاریگەری لە دروستکردنەوەی عێراقی نوێ و پرۆسەی سیاسی کرد بەو ئامانجەی دەوڵەتێکی دیموکرات و فیدراڵ شوێنی رژێمی دیکتاتۆری پێشووی عێراق بگرێتەوە. بەشدارى هەرێمی کوردستانیش، لەسەر بنەمای لەبەرچاوگرتنی هەرسێ پره‌نسیپی سەرەکی، هاوبەشایەتی و هاوسەنگی و سازان بوو .بەڵام بەداخەوە دواتر هەوڵی پەراوێزخستن و لاوازکردنی قەوارەی یاسایی و دەستووری هەرێمی کوردستان درا.

سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە پێویستە رێز لە دەستوور و سیستەمی فیدراڵی عێراق بگیرێت و بەهێز بکرێت و پەرەی پێ بدرێ و لەو چوارچێوەیەشدا، رەفتار و هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت نەک بە عەقڵییەتێکی مەرکەزی.

سەرۆکی حکومەت گوتیشی عێراق لە رووی سامانی سرووشتی و مرۆییەوە، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و خاوەن پێگەیەکی جیۆپۆلەتیکی گرنگە لە ناوچەکەدا و تەنیا پێویستی بە بەڕێوەبردنێکی باش هەیە، کە بە شێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە، هەڵسوکەوت لەگەڵ سەرجەم هاووڵاتییان و پێکهاتە جیاوازەکانی بکات.

له‌بارەی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کورستان و حکومەتی فیدراڵیش، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر خواست و ئیرادە و نیازپاکی هەبێت، چارەسەرکردنی کێشەکان سەخت نین. لەم رووەوە گوتی پەرۆشی و ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەرەکردنی بنەڕەتی و یەکجارەکی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور و رێککەوتنەکان دووپات دەکەینەوە و پشتیوانیش لە کارنامەی حکومەتی فیدراڵ و هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سوودانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەین. بە تایبەتی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم، کە پێویستە وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەخۆرانی هەرێمیش، مانگانە بە شێوەیەکی ئاسایی و لە رێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حكومەتی هەرێم مووچه‌كانيان وەربگرن.

شاندەکە وێڕای ستایشکردنی کاروانی ئاوەدانی و دەسکەوتەکانی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەیان بەوە دا کە ئێستا نیازپاکی لە هەردوولادا هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پێویستە ئەو کەش و دەرفەتە ئەرێنییەی دوای سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتى سەرۆکی حکومەت بۆ بەغدا هاتووەتە ئاراوه‌، لە دەست نەدرێت و لەسەر بنەمای دەستوور کێشەکان چارەسەر بکرێن.

Back to top button