جێگری پلاسخارت: پەکەکە و حەشدی شەعبی رێگرن لەبەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال
کلۆدیۆ کۆردۆن جێگری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە دیداری مێری 2023، رایگەیاند، هێزەکانی حەشدی شەعبی و پەکەکە پێویستە لە شنگال بکشێنەوە، گوتیشی: جێبەجێنەکردنی ئەم رێککەوتنامەیە کاریگەری لەسەر دانیشتوانی شنگال دەبێت و رێگریش دەبێت لە ئاوەدانکردنەوەی قەزاکە.
کلۆدیۆ کۆردۆن باسی لەوەکرد، کشانەوەی حەشدی شەعبی و پەکەکە، بەشێکە لە رێککەوتننامەی شنگال بەڵام تا ئێستا هیچ یەکێک لەو هێزانە لە ناوچەکە نەکشاونەتەوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گرنگیەوە لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال دەڕوانن، بۆ بونیاتنانەوەی ژێرخانی شارەکەش، کۆمەڵێک پڕۆژە هەیە کە بەبێ بوونی ئیدارەیەکی متمانەپێکراو، ناتوانرێت ناوچەکە ئاوەدان بکرێتەوە.
کۆردۆن گوتیشی: بە نموونە، ئەگەر باڵیۆزی ژاپۆن بیەوێت قوتابخانەیەک بۆ شنگال دروست بکات، ئەوا هیچ گەرەنتییەک نییە کە دواتر دروست دەکرێت، نەبوونی دڵنیاییش هۆکارێکە بۆ جێبەجێنەکردنی رێککەوتننامەی شنگال.
جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جەختی لەوە کردەوە، ئەوانەی دەستیان لە کوشتنی ئێزدییەکان هەیە دەبێت بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دادگایی بکرێن.
وەک جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی پێدا، کەسوکار و قوربانیانی دەستی داعش لە شنگال باجی جێبەجێنەکردنی رێککەوتنامەکە دەدەن.
کلۆدیۆ کۆردۆن پێی وایە، جێبەجێنەکردنی رێککەوتنامەی شنگال، ئاماژەیەکی باش نییە بۆ متمانەی عێراق و تواناکانی لەسەر پابەندبوونی بە رێککەوتنەکان.